رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایدەگەیێنێت، پێش ساڵی 2017، ساڵانە 15 بۆ 16 هەزار منداڵ لە خوێندنی کوردی ناویان تۆمار دەکرد، ئێستا دابەزیوە بۆ 8 بۆ 9 هەزار. دەشڵێت، هەوڵێکی زۆر دەدرێت قوتابخانە بە زمانی عەرەبی لە گەڕەکە کوردییەکان بکرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، خوێندنی کوردی لە کەرکووک ساڵ بۆ ساڵ بەرەو لاوازبوون و کەمبوونەوە دەڕوات، بەجۆرێک، لە شەش ساڵی رابردوودا خوێندن بە زمانی کوردی بە نزیکەی 40% کەمیکردووە.
پێش 2017 ساڵانە نزیکەی 16 هەزار منداڵ لە قوتابخانە کوردییەکان خوێندنیان دەستپێکردووە
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئەیلوولی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیادبوونی رێژەی خوێندنی کوردی بنەماکەی ئەوەیە کە ساڵانە زۆرترین منداڵ لە قۆناخی یەکی سەرەتاییەوە بخرێنە بەر خوێندن، ساڵانی 2004 تاوەکو 2017 ساڵ هەبووە 15 بۆ 16 هەزار قوتابی لە قوتابخانە کوردییەکان لە پۆلی یەکدا تۆمار دەکران و دەستیان بە خوێندنی کوردی دەکرد، لە دوای ساڵی 2017ـەوە دابەزیوە بۆ هەشت بۆ 9 هەزار قوتابی."
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ساڵی 2017، ساڵ هەبووە قوتابییانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ژمارەیان گەیشتووەتە 150 هەزار قوتابی، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ کەمتر لە 100 هەزار قوتابی.
بەپێی ئەو داتایانەی خوێندنی کوردی بە رووداوی داون، ئێستا 96 هەزار قوتابی لە کەرکووک لەژێر سەرپەشتی و پەروەردەی زیاتر لە 10 هەزار مامۆستا لە 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا وانە بە زمانی کوردی دەخوێنن.
لە رووی بینای قوتابخانەوە، بە گوتەی پەروین فاتیح، حکومەتی عێراق هاوکارییان دەکات و دۆخیان "باشە". گوتیشی، "هەندێک جار قوتابخانە عەرەبییەکانی سەر بە بەغدا سوود لە ئێمە وەردەگرن، بەتایبەت کە ئێمە کۆمپیوتەر و داتاشۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرین و ئەوانیش سوودی لێ دەبینن."
"هەوڵ بۆ کردنەوەی قوتابخانەی عەرەبی لە گەڕەکە کوردییەکان دەدرێت"
پەروین فاتیح دەڵێت، هەوڵێکی زۆر دەدرێت قوتابخانە بە زمانی عەرەبی لە گەڕەکە کوردییەکان بکرێتەوە، بەڵام رێگە نەدراوە. گوتیشی، "سبەی من مۆڵەت بدەم هەموو قوتابخانە کوردییەکان دەوامی دووەمیان دەکەنە عەرەبی، چونکە خوێندنی عەرەبی ئێستا خواستی زۆر لەسەرە، بەڵام ئێمە رێگە بەوە نادەین قوتابخانەی عەرەبی لە گەڕەکە کوردییەکاندا بکرێتەوە."
هۆکاری هەبوونی خواست لەسەر خوێندنی عەرەبی بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەیە، "زۆرینەی فەرمانگەکانی کەرکووک عەرەبی تێدان و بەشێکیش تورکمان، کەمترین بۆ کوردە؛ ئەوەشی کورد بەوانەوە گرێبدات زمانی عەرەبییە، خەڵکیش دەیانەوێت منداڵەکانیان فێری زمانی عەرەبی ببن."
مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان مووچە، پەرتووک و هەموو شایستە و پێداویستییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابین دەکرێت.
زۆرجار هاونیشتمانییانی کەرکووک گلەیی لە وەزارەتی پەروەدەی عێراق دەکەن بەوەی هاوشێوەی خوێندنی عەرەبی هاوکاریی خوێندنی کوردی ناکات، لە نیویۆرک و لە میانی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیبراهیم نامس جبووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیمان هەیە کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە و پەیوەندیی بەو پرسەوە هەیە. خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بەغدا و هەموو پارێزگاکانی دیکەش هەیە؛ سوپاس بۆ خودا، دامەزراندنی مامۆستایانی کورد هەیە کە تایبەتن بە خوێندنی کوردی، هیچ بەربەست یان کێشەیەک لەم رووەوە نییە."
"حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووانی خوێندنی کوردی دانامەزرێنێت"
پەروین فاتیح لەبارەی هۆکاری کەمیی خواست لەسەر خوێندنی کوردی گوتی، "یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان نەبوونی دامەزراندنە لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر دامەزراندنیش بکرێتەوە دەرچووی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دانامەزرێنن، لە عێراقیش دامەزراندنی دەرچووانی خوێندنی کوردیی ئاسان نییە، بەڵام دواجاریش ئەگەر لە عێراق دابمەزرێن، دەبێت زمانی عەرەبی بزانن کە متمانەیان بە خوێندنی کوردی لە کوردستان نامێنێت و خواست بۆ خوێندنی عەرەبی زیاتر دەبێت."
پەروین فاتیح ئاماژەی بەوەشکرد، "بەدڵناییەوە دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و دەرچووانی خوێندنی کوردیش وەکو ساڵانی رابردوو دابمەزرێن، ئەوە خواست لەسەر خوێندنی کوردی بەرز دەبێتەوە و خەڵکانێکی زیاتر منداڵەکانیان دەخەنەبەر خوێندنی کوردی."
"لە دامەزراندنی 17 هەزار و 500 مامۆستای گرێبەستدا 2 هەزار بۆ کورد بووە"
ئەم ساڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری دامەزراندنی 17 هەزار و 500 کەسی لە کەرکووک لە گرێبەستەوە بۆ هەمیشەیی دەرکرد، لەو ژمارەیە نزیکەی دوو هەزار مامۆستا، فەرمانبەر و کارمەندانی کارگێڕیی خوێندنی کوردی گرتەوە. پەروین فاتیح گوتی، "بە کارکردنێکی زۆر لەو ژمارەیە تەنیا دوو هەزار کەسیان بۆ خوێندنی کوردی کردە هەمیشەیی، لە بەغدا دەڵێن ئێوە خوێندنی کوردین و سەر بە هەرێمی کوردستانن و دەبێت لەوێوە هاوکاریی بکرێن."
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرێبەستانەی کراون بە هەمیشەیی ئەوانە سەرەتاش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مووچەیان پێدراوە، هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە مووچەیان پێدەدرێت و زیاتر لە هەشت هەزار کەسن، وەکو خۆی وایە و حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکیان ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ