رووداو دیجیتاڵ
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری تورکمانی کەرکووک لەبارەی گرێبەستەکانی پۆلیسی کەرکووک هۆشداری تووند دەداتە وەزیری ناوخۆی عێراق و دەڵێت، ئاژاوەی نەتەوەیی دروست دەکەن.
ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری پارێزگای کەرکووک و پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لە پەیجی خۆیدا پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی دامەزراندنی گرێبەستەکانی پۆلیسی کەرکووک بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری تووند دەداتە وەزیری ناوخۆی عێراق و دەڵێت، "رێزدار وەزیری ناوخۆ، جەنابتان ئاگاداری دۆخی کەرکووکن، بەڵام پێویستە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کاتێک هەر بڕیارێک لەبارەی دامەزراندن لە کەرکووک دەردەکات، ئەوە بزانێت کە کەرکووک فرە نەتەوەیە، نەک بە ویستی خۆتان تیروپشک بکەن و نەتەوەیەک زۆرترین و نەتەوەیەکی دیکە کەمترینی بەربکەوێت".
رۆژی 14ى ئەیلوولى 2023 وەزارەتى ناوخۆى عێراق دامەزراندنی 37 هەزار پۆلیسی راگەیاند، دواى ئەوەى بەشێوەى ئەلیکترۆنى داواکاریان پێشکێش بەو وەزارەتە کرد. ئەو ژمارەیە بەسەر 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووکدا دابەشکراون.
رۆژی 22ى ئەیلوولى 2023، سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان لە پشکى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەکۆى 2,550 پۆلیس کە بۆ کەرکووک دامەرزێندراون، تەنیا 350یان کوردن و هەمان ژمارەش بەر تورکمانەکان کەوتووە. سەباح حەبیب گوتیشی، "بەشێک لەوانەى کە لەسەر پشکى کەرکووک دامەزرێندراون، خەڵکى پارێزگاکانى نەینەوا و سەڵاحەدینن."
ئەرشەد ساڵحی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمڕۆ ئاژاوەتان لە کەرکووک دروستکردووە. دوو هەزار و 550 گرێبەست بۆ پۆلیسی کەرکووک بە شێوەیەکی نایەکسان و نادادپەروەرانە لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکە کراوە. ئەمە تاوانە؛ ئەوە خاڵێک. خاڵێکی دیکە تێبنییمان کردووە ئەوەیە کە کەسانێک ناویان لە کەرکووک هاتووەتەوە کە خەڵکی کەرکووک نین و لە هەفتەیەکدا کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ دەرکرا. ئەمە چۆن کراوە؟ مافی خەڵکی کەرکووک لە کوێیە؟"
ئەرشەد ساڵحی دەڵێت، "چەندین جار پێمان گوتن، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و برام د. نەجیب، بەڕێوبەری یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران تکاتان لێدەکەین، کاتێک لەگەڵ وەزارەتی دارایی رێنمایی لەبارەی کەرکووک دەردەکەن، رەچاوی هاوسەنگیی نەتەوەکان بکەن لە پارێزگای کەرکووک."
پەرلەمانتارەکەی کەرکووک دەرپرسێت، "لەسەر چ بنەمایەک ئەو کارە کراوە؟ ئێمە هەفتەیەک لەمەوبەر شەقاممان هێورکردەوە، ئێستا ئێوە دێن لە کەرکووک ئاژاوە دروست دەکەن؟ ئاژەوەکەش نەتەوەییە. دەتانەوێت خەڵک بڕژێنە سەر شەقام و شەقامەکان بگرن و خۆپێشاندان و مانگرتن بکەن؟ بەسە... تا کەی ئێوە تایبەتمەندیی کەرکووک نازانن؟ ئەوەی تایبەتمەندیی کەرکووک نازانێت ناتوانێت هیچ بکات."
هەر لە قسەکانیدا ئەرشەد سحاڵی، وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ لەم کارە بە بەرپرس دەزانێت و دەڵێت، "ئێمە داواکارییمان لە وەزارەتی بەرگری هەیە و پەنا بە خودا باسی دەکەین، بەڵام ئەمڕۆ داوا لە بەڕێز وەزیری ناوخۆ دەکەم گرێبەستی پۆلیسی کەرکووک رابگرێت، تاوەکو لێکۆڵینەوە لە هەموو بەراییەکان دەکەین، ئەگەرنا شەقام لە کوڵانە."
سەباح حەبیب ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لەسەر ئەو کێشەیە گفتوگۆیان کردووە و پێیان راگەیاندوون کە پرۆسەى جیاکردنەوەى ناوەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى بووە و بۆیە ئەو دابەشکارییە بەسەر پێکهاتەکاندا بەو جۆرە بووە؛ گوتیشى: "داوامان لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە پێداچوونەوە بەو رێژەیەدا بکات."
دامەزراندنى ئەو 37 هەزار پۆلیسە بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتییە بۆ ساڵى 2023 و لەدواى بینینى مەشق و راهێنان و پشکنین، دەستبەکار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ