رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، زانیارییەکان دەریدەخەن 33 کۆچبەرەکەی نێو بەلەمە نقوومبووەکەی دەریاچەی ئیجە، خەڵکی فەلەستین، سووریا و کوێتن. گوتیشی، '"زۆر جار هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستانیش لە ترسی دیپۆرتکردنەوەیان، خۆیان بە فەلەستینی دەناسێنن".
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-09-2024، بەلەمێکی کۆچبەران بە 33 سەرنشینەوە لە دەریای ئیجەدا لە نزیک خۆرئاوای دوورگەی سامۆسی یۆنان نقووم بوو. پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەر گەڕاوەکانی ئەورووپا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکیشیکرد، رایگەیاند، ''ئەم بەلەمە لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەڕێکەوتووە، بۆ ئەوەی خۆیان بگەیێننە دوورگەکانی یۆنان.''
پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتی، بەلەمەکە بە دووریی 150مەتر لە وشکانییەوە، بەهۆی رەشەبا و شەپۆلی دەریاوە هەڵگەڕاوەتەوە و سەرنشینەکانی ژێرئاو کەوتوون.
بەگوتەی نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، دوای هەڵگەڕانەوەی بەلەمەکە، دەنگ و هاواری کۆچبەران گەیشتووەتە گوندێکی نزیک شوێنی رووداوەکە و دانیشتووانەکەی هێزی دەریایی یۆنانیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی بە هانایانەوە بچن.
وەک پێشڕەو عەبدوڵڵا دەڵێت، ''کاتێک بە هانایانەوە دەچن، لە ئاودا تەنیا پێنج کەس بە زیندوویی دەدۆزنەوە، لەگەڵ تەرمی دوو کچی تەمەن 10 بۆ 12 ساڵ و ئافرەتێک''.
ئەو نوێنەرەی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو 25 کۆچبەرەی دیکە دیار نییە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سەرجەم سەرنشینانی بەلەمەکە خەڵکی سووریا، فەلەستین و کوێتن.
ئەگەری هەیە ژمارەیەک لە سەرنشینانی بەلەمەکە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان بن. پێشڕەو عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی: ''زۆربەی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی دیپۆرت نەکرێنەوە، خۆیان بە فەلەستینی دەناسێنن.''
وەک ئەو نوێنەرەی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، لە رووداوێکی دیکەدا لە هەمان شوێن، نزیکەی 22 کەسی دیکە لە وشکانیدا دۆزراونەتەوە و ''تاوەکو ئیستا دیار نییە ئەم 22 کەسەی لە ناوچە وشکانییەکەدا دۆزراونەتەوە، هەر سەرنشینی ئەو بەلەمە بوون، یان کەسانی دیکەن کە پێشتر بێسەروشوێن ببوون."
پێشڕەو عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو 25 کەسە بە هێلیکۆپتەر و هەشت کەشتی جەنگی بەردەوامە، ''بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەریان دەستنەکەوتووە.''
بەگوتەی نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە دوو مانگی رابردوودا لە تورکیاوە شەپۆلێکی زۆر لە کۆچبەران روویان لە دوورگەکانی یۆنان کردووە، ''تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 70 بەلەم هەوڵیان داوە خۆیان بگەیێننە دوورگەکانی یۆنان کە 50٪ـیان گەیشتوون و ئەوانەی دیکەش دیپۆرتی تورکیا کراونەتەوە''.
پێشڕوە عەبدوڵڵا گوتی: ''بەداخەوە ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە ناچارن و لە هەرێمی کوردستان جێگەیان نابێتەوە، بە هەر شێوەیەک بێت خۆیان دەگەیێننە تورکیا، ئەو رێگەیە ناخۆشە تاقی دەکەنەوە و گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، بۆ ئەوەی لەوێوە خۆیان بگەیێننە دوورگەکانی یۆنان و داوای مافی پەنابەری بکەن.''
پێشڕوە عەبدوڵڵا دەڵێت، ئێستا لە نێو ژمارەیەک لە دوورگەکانی یۆنان زیاتر لە چوار هەزار کۆچبەر دەبینرێت کە بەراورد بە ساڵی 2015، ژمارەیان دوو هێندە زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ساڵانی نێوان 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248یشیان بێسەروشوێنن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، زۆرینەی قوربانییەکان تەنانەت ژمارەی ئەوانەشی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن کوردن، رێژەیان لەنێوان ٪70 بۆ 80٪ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ