رووداو دیجیتاڵ
هەموو ئەو عومرەکارانەی لە سعودیە گیریان خواردبوو گەڕێندرانەوە. بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بەڵێنی داوە قەرەبووی کۆمپانیاکان بکاتەوە.
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 23-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دوایین کاروانی ئەو عومرەکارانەی هەرێمی کوردستان کە لە سعودیە چەند رۆژێک بوو گیریان خواردبوو گەڕانەوە.
رۆژی 20-09-2024 یەکەم کاروان کە 260 عومرەکار بوون، گەڕێندرانەوە.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی، بەشێک لەو عومرەکارانە بە رێگەی وشکانی گەڕانەوە و ئەوانی دیکە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەڕانەوە.
بە گوتەی رێبوار ئازاد، تێچووی ئەو چەند رۆژەی مانەوەی عومرەکاران لەسەر کۆمپانیاکان بووە. هێڵی ئاسمانیی عێراقییەش بەڵێنیداوە قەرەبوو کۆمپانیاکان بکاتەوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەکە روون نییە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیان بەر عومرەکاران و کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی کوردستان کەوتووە، بەشێوەیەک هەر عومرەکارێک تێچووی تکتی گەڕانەوەی بە فڕۆکە نزیکەی 250 دۆلارە، کە بە تێكڕا 625 هەزار دۆلار دەکات بۆ 2500 عومرەکارەکە.
زیانی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەش بۆ هەر رۆژێک زیاتر مانەوە 100 دۆلارە، کۆی گشتیی زیانی کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستا 250 هەزار دۆلار دەبێت، بەو پێیە کۆی زیانەکە نزیکەی 875 هەزار دۆلار دەبێت، لەگەڵ کاتی زیاتر زیانەکان زیاتر دەبێت.
لە رۆژی شەممەی هەفتەی رابردوو بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراق نەیتوانیوە عومرەکارانی کوردستان بگەڕێننەوە، بۆیە نزیکەی 2000 عومرەکاری کورد گیریان خواردبوو.
پێش راگەیاندنی چارەسەربوونی کێشەکە، وەلید دلفی، گوتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەست بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانە بکرێت و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایانناوە، "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم ئەو عومرەکارانە بە ژمارەیەک کاروان دەگەڕێندرێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ