رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت، لەگەڵ ئەوەدان سەرژمێریی گشتی بکرێت، بەڵام دەبوایە سەرەتا مادەی 140ی دەستوور جێبەجێ بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە ئەو هاونیشتمانییانەی بە هەر هۆکارێک لە کەرکووک نەماون، بۆ پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردن بگەڕێنەوە پارێزگاکە."
ئەمڕۆ دووشەممە 23-09-2024 محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوای سەرژمێریی ساڵی 1957، هەر سەرژمێرییەک کراوە، کەموکوڕی هەبووە یان هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی تێدا پەراوێزخراوە، چونکە بەردەوام لە کوردستان شۆڕش هەبووە و هاونیشتمانییان بە تەواوی سەرژمێری و ناونووس نەکراون."
بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت. محەممەد کەمال گوتی، "بێگومان ئێمە وەکو پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی سەرژمێرین، بەڵام حەق بوو سەرەتا مادەی 140جێبەجێ بکرێت."
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو کە ''دەبووایە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و ئەو کات سەرژمێری بکرێت، "بۆیە داوا دەکەین ئەم سەرژمێرییە دوابخرێت؛ جارێ هێشتا زوویە بۆ بەڕێوەچوونی، چونکە قۆناخی یەکەمی مادەی 140 جێبەجێنەکراوە."
مادەی 140ی دەستووری عێراق لە سێ قۆناخ پێکدێت؛ ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای نزیکەی 19 ساڵ لە نووسینی دەستوور، تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
محەممەد کەمال پێیوایە کۆچکردنی هاونیشتمانییان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر ژمارەی کورد لەو ناوچانە و گۆڕینی هاوکێشەکان دەبێت، "بۆیە داواکارین لەو هاونیشتمانییانەی لە کەرکووک نەماون، بگەڕێنەوە و لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردندا ناوی خۆیان تۆمار بکەن؛ ئەگەر نەگەڕێنەوە، بێگومان زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە."
بەرپرسی لقی سێی پارتی گوندی زەردکی کەرکووک بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، "بەر لە ساڵی 1988 سەرجەم دانیشتووانی کورد بوون، بەڵام ئێستا لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردنی سەرژمێریدا 28 ماڵ ناویان بە عەرەب و هەشت ماڵیش ناویان بە کورد نووسراون."
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ