رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دەڵێت، ئەگەر بکوژی ئەکبەر حاجی رۆستەم بدۆزرێتەوە رووداوەکە "ئاسایی یان کێشەی کۆمەڵایەتی" بووە و بە پێچەوانەشەوە "تیرۆرە." لەبارەی تۆمەتبارانەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، دەزگا ئەمنییەکان زانیارییان دەستکەوتووە.
شەوی دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا.
هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی حیزبەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "چاومان لەوەیە بە زووترین کات تاوانبارانی کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم بدۆزرێنەوە، بدرێنە دادگە و سزا بدرێن."
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی گوتیشی، "جارێ لێکۆڵینەوە بەردەوامە، ئەگەر تاوانباران زوو بدۆزرێنەوە ئەوە کوشتنێکی ئاسایی و کۆمەڵایەتییە، نەدۆزرێتەوە بە تیرۆر دەژمێردرێت."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەکبەر حاجی رۆستەم لەلایەن کەسوکاری خۆیەوە کوژرابێت، لەو بارەیەوە حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە لەنێو بنەماڵە و خێزانیاندا هیچ کێشەیان نەبووە، بە دڵنیاییەوە کەسوکاری خۆی بکوژ نین."
بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی گوتیشی، "ئەکبەر حاجی رۆستەم بەردەوام لەگەڵ ئێمەدا بوو، جگە لەوەی کادری خانەنشین بوو، لە بواری کۆمەڵایەتیدا ئەرکی لەئەستۆ دەگرت."
جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، دەزگاکان درێخی ناکەن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران، چونکە ئەرکی حکومەتە.
دەنگۆی ئەوە هەیە، تۆمەتباری رووداوەکە بە ئۆتۆمبێلی کوژراوەکە لە رێگەی 12ی ئیمامی ناوچەکەوە کفری جێهێشتبێت، لەو بارەیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، "دەزگاکان هەندێک زانیارییان دەستکەوتووە، بەڵام تاوەکو خۆیان راینەگەیێنن نافەرمین."
هەر لەبارەی رووداوەکەوە لوقمان سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لێکۆڵینەوە دەکەین؛ لە رێگەی ئامێرەکانمانەوە لە هەوڵداین سەرەداومان دەستبکەوێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان، لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنیی پێکهێندراوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارانی رووداوەکە. گوتیشی، "مۆبایل و ئۆتۆمبێلی کاک ئەکبەری حاجی رۆستەم بردراون."
هەروەها عەقید عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەوی رابردووەوە لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران دەستپێکردووە و هەر گۆڕانکارییەک لە دۆسیەکە هەبێت بە فەرمانی دادوەر بڵاویدەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ