رووداو دیجیتاڵ
دادگای تاوانەکانی کەرکووک سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو کەسەدا سەپاند کە تۆمەتبارە بە کوشتنی جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک و ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی ئەیلوولی 2025 بڵاویکردەوە، "ئەو تیرۆریستە لە ساڵی 2014 لە گوندی شمێت سەر بە ناحیەی زاب، لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکەیدا بەشدار بووە لە تیرۆرکردنی دادوەر عیدان حەسەن خەلەف."
ناحیەی زاب سەر بە قەزای حەویجەیە و دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوانبارەکە "بەشدار بووە لە کوشتن و دەستگیرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو خەڵک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە تیرۆریستییەکانیان."
بڕیارەکە بەگوێرەی مادەی چوارەمی بڕگەی یەک و مادەی دووەمی بڕگەکانی یەک و سێ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ژمارە 13ـی ساڵی 2005، دەرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ