ئەکبەر حاجی رۆستەم چۆن کوژرا؟

23-09-2025
هونەر حەمید
ئەکبەر حاجی رۆستەم لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکەی بە 'دەمانچە' کوژرا
ئەکبەر حاجی رۆستەم لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکەی بە 'دەمانچە' کوژرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاشنیوەڕۆی 22ی ئەیلوولی 2025، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری گەرمیان لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە ناحیەی جەبارەی شارۆچکەی کفری بە دەستڕێژی گوللە "تیرۆرکرا". ئەم رووداوە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوای دەستگیرکردنی تاوانبارانی کرد.
 
وردەکاریی رووداوەکە
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەکبەر حاجی رۆستەم کە تەمەنی 70 ساڵ بووە و باوکی 24 کوڕ و کچ بووە، دوای گەڕانەوەی لە هەولێر و گەیشتنی بە گوندەکەی خۆی، لە خانوویەکی چۆڵدا لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکەی، لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا. خانووەکە بێ پەرژین و دیوار بووە و "تاوانبارەکە بە دەمانچە و لە نزیکەوە تەقەی لێکردووە."
 
ئەحمەد حوسێن، شایەتحاڵێک، بە رووداوی راگەیاند: "گەڕاوەتەوە لێرە دابەزیوە، کوڕەکەی لێرە سەرقاڵی جووتکردن بووە، ئەو جووتەکەی تەواو کردووە و رۆیشتووەتەوە بۆ ماڵ، دوای ئەوە گوتوویانە باوکت دیار نییە، هاتووەتەوە و بینیویەتی لێرە کوژراوە."
 
دوای رووداوەکە، بکوژەکە بە ئۆتۆمبێلی کوژراو شوێنەکەی جێهێشتووە. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە نزیک گوندی (دوازدەئیمام) دەرکەوتووە، بەڵام لەو کاتەدا بە دەستی رووخساری داپۆشیوە و بەرەو سەرچەم لە نزیک ناحیەی جەبارە چووە.
 
لێکۆڵینەوەکان و کاردانەوەکان
 
لوقمان سابیر، بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان، لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند: "لیژنەی هاوبەشمان تەشکیل کردووە، پۆلیسی کفری و هاوکارانمان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی کە براوە، لە رێگەی هەندێک ئامێرەوە خەریکین بۆ ئەوەی سەرەداومان دەستبکەوێت."
 
جەلال نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا کە دەزگاکان هەندێک زانیارییان لەبەردەستدایە، بەڵام تاوەکو خۆیان ئاشکرای نەکەن، ئەو شتانەی باس دەکرێن، نافەرمیین.
 
کۆچەر ئەکبەر حاجی رۆستەم، کوڕی کوژراو، داوای جێبەجێکردنی یاسا دەکات و رایگەیاند: "ئێمە خۆمان لە پێناو چەسپاندنی یاساداین، باوکم هەموو ژیانی لە پێشمەرگایەتیدا بەسەر برد، داوا دەکەین یاسا بەرقەرار بێت."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەێندراوێکدا رووداوەکەی بە "تیرۆر" ناوبرد و داوای لە لایەنە ئەمنییەکان کرد لە زووترین کاتدا تاوانباران دەستگیر بکەن و رادەستی یاسایان بکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەکی کارتی زانیاری.

کارتی زانیاریی سلێمانی: دەرهێنانی کارت بەردەوامە و رانەوەستاوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی دەڵێت، هیچ نووسراوێکی فەرمی بۆ راگرتنی کارەکانیان بە ئەوان نەگەیشتووە و دەرهێنانی کارتەکە بەردەوامە.