بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی: کوژرانی ئەکبەری حاجی رۆستەم هیچ پەیوەندیی بە کێشەی خێزانییەوە نییە

23-09-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: کوژرانی ئەکبەری حاجی رۆستەم هیچ پەیوەندیی بە کێشەی خێزانییەوە نییە و "پێش کوژرانیشی کاک ئەکبەر کێشەی خێزانیی نەبووە."
 
شەوی رابردوو، 22-09-2025، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی ناسراوی گەرمیان، لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە قەزای کفری کوژرا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کوژرانەکە پەیوەندیی بە کێشەی خێزانییەوە نییە و ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر کێشەکەی چارەسەر کراوە.
 
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵاش گوتی، تاوەکو ئێستا ماڵباتەکەی سەرقاڵی بەخاکسپاردن بوون و سکاڵایان تۆمار نەکردووە، بەڵام پێدەچێت سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە بە لایەنە ئەمنییەکان سپاردووە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتی دیاری گەرمیان کرد.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی تیرۆرکردنەکە دەکەم." راشیگەیاند: "دەبێت دامودەزگاکانی دەڤەرەکە بە زووترین کات، لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ دۆزینەی تاوانباران بکەن و رێکاری یاسایی بگرنەبەر".
 
لەلایەکی دیکە، کۆچەر ئەکبەر، کوڕی ئەکبەر حاجی رۆستەم بە رووداوی راگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باوکم کێشەی خێزانیی هەبووبێت، نازانین لەلایەن کێ لە گوندەکەی خۆمان تەقەی لێکراوە و بە گولـلە کوژراوە".
 
دوای رووداوەکە، عەقید عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی گوت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بکوژ تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، ئەکبەری حاجی رۆستەم ئۆتۆمبێلەکەیشی ونە و گومان دەکرێت دزرابێت.
 
ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتییەکی دیاری دەڤەری گەرمیان و پێشمەرگەیەکی دێرین بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.