رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەڵێ، دوو چەکداری هەڵگری بیری تووندڕۆیی تەقەیان لە بنکەی پۆلیسی چوارچرا کردووە و هەردووکیان دەستگیرکراون.
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 23-9-2025 لەگەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، دوو چەکدار هەڵدەکوتنە سەر بنکەی پۆلیسی چوارچرا. دوای ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ پاسەوانەکانی ئەو بنکەیە، توانرا هەردوو چەکدارەکە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیربکرێن".
دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەڵێ، لە رووداوەکەدا کارمەندێکی پۆلیس برینداربوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش بەمەبەستی هاوکاریکردنی هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی "تۆمەتباران دانیان بەوەدا نا کە هەڵگری بیری تووندڕۆین".
دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەڵێت: "هەردوو تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".
رووداوەکە کاژێر 04:45ی ئێوارە بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سەرچاوەیەکی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستی کەوتوون، ئەو دوو کەسە تەمەنیان 14 و 16 ساڵانە و "ویستوویانە بچنە نێو بنکەکە."
پەیامنێری رووداو باسی لەوەش کرد: "ئەو دوو مێرمنداڵە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆڤ هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکەی پۆلیس و دوای تەقەی هێزە ئەمنییەکان ترساون و رایانکردووە. پۆلیسی سلێمانی لە کۆڵانێکی نزیک بنکەکە دەستگیری کردوون".
شایەتحاڵەکان و سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی بە پەیامنێری رووداویان گوت، هەردوو کەسەکە بە کوردی قسەیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ