مانگێک بەسەر شەڕەکەی لالەزاری سلێمانی تێپەڕی؛ تەرمێک هێشتا بێ ناسنامەیە

23-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مانگێک تێپەڕی بەسەر شەڕەکەی هۆتێل لالەزاری سلێمانی و تاوەکو ئەمڕۆ تەرمێكی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە دادپزیشکی شارەکەیە و نەناسراوەتەوە. بەڕێوەبەری دادپزیشكیی دەڵێ، "بەگوێرەی یاسا دوو مانگ چاوەڕێی کەسوکاری دەکرێت".
 
د. بەرزان محەممەد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مانگێکی تەواو تێدەپەڕێت و کەس نەهاتووە بۆ بردنەوەی تەرمەکە و کەسیش پشکنینی نەکردووە بۆ ئەوەی بناسرێتەوە".
 
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا لە لالەزاری سلێمانی، پێنج کەس کوژران، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و دوو لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی، دواتر تەرمی چواریان بەخاکسپێردران.
 
بەڕێوەبەری دادپزیشکیی سلێمانی گوتی: "بەگوێرەی یاسا ئێمە دوو مانگ تەرمەکە دەهێڵینەوە، دوای ئەوەش دادوەر بڕیار دەدات، کە بە ئەگەری زۆرەوە لەم دۆسیەدا بڕیاری مانەوەی تەرمەکە لە دادپزیشکی درێژ دەکاتەوە".
 
د. بەرزان محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکات دادوەر بڕیاری بەخاکسپاردنی تەرمەکە بدات، ئەوکاتە بە نووسراوێک بڕیارەکە هاوپێچ و ئاراستەی شارەوانیی سلێمانی دەکرێت، ئەوانیش بە رێکاری شەرعی بەخاکی دەسپێرن.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی بە ئێمە گوتراوە تەنیا یەک تەرمی رووداوەکەی لالەزار لە دادپزیشکیی سلێمانییە".
 
بەگوێرەی دەستەی مافی مرۆڤ، جگە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، ئێستا زیاتر لە 200 کەس لەوانەی لێیانەوە نزیک بوون، یان چەکداری هێزەکەیان بوون دەستگیرکراون.
 
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا جگە لە گیانلەدەستدانی پێنج کەس، 20 کەسیش لە هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.