زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کارا کرا

23-09-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، زانکۆ لاین کارا کرا؛ 400 کورسی خوێندن بۆ قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق دابینکراوە. گوتەبێژەکەشیان دەڵێت: "پرۆسەکە 8 رۆژ بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کارا دەبێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی 9ـی 2025، عەباس ئەکرەم بە رووداوی گوت: "زانکۆ لاین کارا کرا و ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 دەرچووى زانستى، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ کاژێر یەکی نیوەڕۆ، بەستەرەکە کارا دەکرێت و 8 رۆژ بەردەوام دەبێت. هاوکات 400 کورسیی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق بۆ خوێندکارانى 12ـی ئامادەیی هەرێمی کوردستان دابینکراوە.
 
عەباس ئەکرەم دەڵێت: "دەرچووانى 12ـی ئامادەیی هەرێمى کوردستان، لە چەند رۆژى داهاتوو لە رێگەى لینکێکى تایبەت، لە وێبسایتى زانکۆلاین، دەتوانن داواکارى بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق پێشکێش بکەن."
 
ساڵانە دەرچووانی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و نێودەوڵەتییەکان)، لە ماوەی دیاریکراودا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكێشی بكه‌ن؛ هاوکات ده‌رچووان ده‌بێت بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و  (Password)سەردانی خوێندنگەکانیان بکەن.
 
عەباس ئەکرەم دووپاتیکردەوە، "پێویستە دەرچووان یەک ژمارە مۆبایل داخڵ بکەن و پاشان کۆدى OTP لە رێگەى کورتە نامەوە بەدەست دەگات، زۆر گرنگە دەرچووان ژمارەى تەلەفۆنى خۆیان بەکاربهێنن و بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر ژمارە تەلەفۆنێکى دیکە بەکاربهێنێت لە رووى یاساییەوە بەرپرسیار دەبێت."
 
ده‌رچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و رێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان.
 
گوتەبێژی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەدا، "پێویستە خوێندکاران خۆیان هەوڵ بدەن فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت لە هەر هەڵەیەک لە کاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان بەرپرس نییە."
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایدەگەیێنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکێشی دەکەن، بەڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، بۆیە پێویستە بە وردی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن؛ هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوازدە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین، دەست بە پێشکێشکردن بکەن و کارەکانیان بۆ کۆتا رۆژەکانی زانکۆلاین دوا نەخەن.
 
لەبارەی ژمارەی دەرچووانی ئەم ساڵەوە، عەباس ئەکرەم روونیکردەوە، "ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 قوتابی زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەرچوون؛ بە شێوەیەک کە 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشى زانستى، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشى وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووى ئامادەیی پیشەیی، 570 دەرچووى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن، داواکارى بۆ 680 بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى زانکۆلاین و پارالێل و ئێواران بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) لە (16) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکێش دەکەن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.