رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە پار لە هەرێمی کوردستان، 79 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکراون؛ دەشڵێت، بازرگانیکردن بە مرۆڤ دوو هێندە زیادی کردووە، سەبارەت بە تیرۆریش ئاشکرای کردووە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا 290 کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی سەبارەت بە هەوڵ و چالاکییەکانی حکومەت بڵاوکردووەتەوە، تێیدا کۆمەڵێک ئاماری گرنگ لە بواری جیاجیادا خراونەتەڕوو.
راپۆرتەکە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی نیشتمانیی عێراق کە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) پەسندی کردووە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راسپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە.
هەروەها هەڵسەنگاندنەکە ئاماژە بە دیارترین هەنگاوە کردارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو پلانە گشتگیرە بۆ مافەکانی مرۆڤ.
چوونە نێو رێککەتننامە نێودەوڵەتییەکان
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ''پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەوڵێکی گشتگیرە لە چوارچێوەی حوکمڕانیی خۆیدا، بۆ ئەوەی رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەرەوپێشەوە ببات.''
لە راپۆرتەکەدا سەبارەت بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق باس لەوە کراوە، حکومەتەکە ژمارەیەک راسپاردەی رەتکردووەتەوە، کە پەیوەستن بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان؛ ''لەوانەش: بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، چوونە نێو سیستمی رۆمای بنەڕەتی بۆ دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی رێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ئافرەتان.''
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، چوونە نێو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پەسندکردنیان لە ئەرک و تایبەتمەندییەکانی حکومەتی عێراقە و لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، عێراق لە ساڵانی 2021-2025، چووەتە نێو پێنج رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و بەگشتی تاوەکو ئێستا واژۆی لەسەر 11 رێککەوتننامە کردووە، لەوانەش: رێککەوتننامەی نەهێشتنی جیاکاریی رەگەزپەرستی، رێککەوتننامەی تایبەت بە مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری، رێککەوتننامەی تایبەت بە مافی مەدەنی و سیاسی، نەهێشتنی جیاکاری دژی ئافرەتان (سیداو)، مافی منداڵان، رێککەوتننامەی پاراستنی هەموو کەسێک لە شوێنبزرکردن و چەندین رێککەوتننامەی دیکە.
''وڵاتان ستایشی هەرێمی کوردستان دەکەن''
وەک لە راپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، بەر لە پەسندکردنی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)، لە هەرێمی کوردستان 14 یاسای پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ بەرکار بوون.
لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023، واتا دوای پەسنکردنی پلانەکە، 22 یاسای دیکەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون. هەروەها 8 یاسای دیکەش لە پڕۆسەی جێبەجێکردندان بۆ دەرچوواندن (تەشریعکردن).
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، ژمارەیەک وڵات ستایشی ''هەنگاوە یاساییەکان''ـی حکومەتی هەرێمی کوردستانییان کردووە، لە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، جێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارەدان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.
''کارانەبوونی پەرلەمان دەرچوونی ژمارەیەک یاسای پەکخستووە''
لە راپۆرتەکەدا کۆمەڵێک ئاڵنگاریش سەبارەت بە دەرچوونی یاساکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان خراونەتەڕوو، لەوانەش: ''کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی رابردوودا''.
دۆخی دارایی یەکێکی دیکە لە ئاڵنگارییەکانە. بەگوێرەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ''ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکان تاوەکو دەگاتە قۆناخی پەسندکردن، پابەندبوونی دارایی بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنێت کە لەم دۆخەدا کارێکی سەختە.''
هەروەها قەرەبوو و دادپەروەریی تەواو بۆ قوربانییانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ''رێکخراوە تیرۆریستییە چەکدارەکان''ـدا بوون، یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی دیکەی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤە.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024ـوە تاوەکو حوزەیرانی 2025، وەک لایەنی راسپێردراو، بەشداری لە چەندین چالاکیی جۆراوجۆری تایبەت بە نەهێشتنی جیاکاریی رەگەزی، پاراستنی مافی منداڵان و ئافرەتان، بەرەنگاربوونەوەی تاوان و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە.
''لە کوردستان داڵدەدانی قوربانییانی دەستدرێژیی سێکسی وەکو پێویست نییە''
راپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستووەتە سەر کۆمەڵێک لایەنی نەرێنی لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ''میکانیزمەکانی پاراستن وەکو پێویست نین و کەمیی پەناگەی پارێزراو هەیە بۆ ئافرەتانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی.''
لە راپۆرتەکەدا باس لە ''کەمیی یەکەکانی پاڵپشتیی دەروونی، کۆمەڵایەتی، سەرچاوەی مرۆیی و پسپۆری'' لە هەرێمی کوردستان کراوە.
نووسینگەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەتدا، پرۆگرامێکی خۆپارێزیی کاریگەر یان سەنتەرێکی چارەسەریی بێ بەرامبەر نییە و ''کۆنترۆڵی پێویست لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانیش بۆ هاتنی کرێکارانی بیانی ناکرێت.''
هاوکات بەگوێرەی راپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە ساڵی 2021ـوە، نووسینگەکە 109 راپۆرت، 113 لێدوان و 57 راگەیێندراوی سەبارەت بە بابەتە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ بڵاوکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا، 62 وۆرکشۆپ و سیمیناری تایبەت بە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەبردووە.
''20 ملیۆن لاپەڕە لەسەر تاوانەکانی داعش کۆکراونەتەوە''
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو چالاکییانەی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش کراون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بە دوو قۆناخ، 57.86 گیگابایت بەڵگەی تاوانەکانی داعش لە رێگەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون کە ''پێکهاتبوون لە زانیاری و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە رێکارە یاساییەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی.''
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ''کۆی گشتیی بەڵگە ئەرشیفکراوەکان لە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگاتە 20 ملیۆن لاپەڕە کە 394 هەزار و 943 لاپەڕەیان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانن.''
''تاوان 16٪ زیادی کردووە''
لە بەشێکی راپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023، بەگشتی رێژەی کردنی تاوان 16٪ بەرزبووەتەوە.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رێژەی ئەنجامدانی هەڵسوکەوتە نایاساییەکانیش کە نەگەیشتوونەتە ئاستی تاوان، لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، پار بەراورد بە ساڵی 2023، تاوانەکانی تایبەت بە هەرزەکاران (مێرمنداڵان)، 25٪ کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها راپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە ساڵی 2024ـدا، 14 هەزار و 755 دۆسیە لە دادگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
''سەندیکای رۆژنامەڤانان سێ هەزار و 400 ئەندامی کارای هەیە''
بەگوێرەی ئامارەکانی نێو راپۆرتی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا سێ هەزار و 400 ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەڤانان لە هەرێمی کوردستان هەن.
تاوەکو 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، ژمارەی ماڵپەڕە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 149 ماڵپەڕ.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2024ـدا، 733 حاڵەتی هێرشکردنی ئەلیکترۆنی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە، لە دادگەکانی هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، رێژەی بەشداریی ئافرەتان وەک سەرنووسەر لە هەرێمی کوردستان سنووردارە و تەنیا دەگاتە 7.6٪ رێژەی گشتی کە بەراورد بە 92.4٪ سەرنووسەرانی پیاو لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی کەمە.
''بازرگانیکردن بە مرۆڤ نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە''
راپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکات, لە ساڵی 2024ـدا بازرگانیکردن بە مرۆڤ نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە و 396 حاڵەت تۆمار کراوە.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە کاری زۆرەملێ لە زیادبووندایە و ''لە 17 حاڵەتی ساڵی 2021ـوە بۆ 49 حاڵەت لە ساڵی 2024 زیادیکردووە.''
هەرچی بازرگانیی سێکسییە، لە 9 حاڵەتی ساڵی 2021ـوە بۆ 25 حاڵەت لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە.
هاوکات بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستە لە هەرێمی کوردستان لە 54 حاڵەتی ساڵانی 2022 و 2023، بۆ 103 حاڵەت لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە.
چی کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؟
بەگوێرەی راپۆرتەکە، رێکاری تووند بەرامبەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ گیراوەتەبەر و 79 کەس بەو تۆمەتەوە، لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.
وەک نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، لە ساڵی 2024ـدا، 27 خولی راهێنانی تایبەتمەند بۆ کارمەندانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە.
هەروەها لە هەرێمی کوردستان ژمارەی پەیوەندیی راستەوخۆ دابین کراوە، بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان.
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو, لەلایەن رێکخراوە هاوبەشە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانەوە، بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە قوربانییان، هێڵی گەرم دابین کراوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، میکانیزمەکانی سکاڵاکردن و بەدواداچوون لە هەرێمی کوردستان باشتر بوونە.
''10٪ـی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر ئافرەتن''
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، ژمارەی کۆی سزادراوان بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر گەیشتووەتە هەزار و 599 کەس کە 977ـیان بازرگانی مادەکەن.
تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، 846 کەس بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون و ژمارەی سزادراوانیش گەیشتووەتە 548 کەس.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بڕی ئەو مادە هۆشبەرەی دەستی بەسەردا گیراوە، لە ساڵی 2023ـدا 482.124 کیلۆگرام و لە ساڵی 2024ـدا 446.172 کیلۆگرام بووە، ''بەڵام لە ساڵی 2025ـدا زیادیکردووە و تەنیا لە نیوەی یەکەمدا گەیشتووەتە 372.800 کیلۆگرام.''
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 10٪ـی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەش کردووە، لە هەرێمی کوردستان پلان و بەرنامەی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر هەبووە، ''لەوانەش زیاتر لە 600 گوتار لە مزگەوتەکان لەسەر مەترسییەکان پێشکێشکراون، هەروەها تاوەکو ئێستا 765 بەکارهێنەر شیاندنەوەی پێویستیان بۆ کراوە.''
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 278 سزادراویش کە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون، لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا لە پرۆگرامەکانی ناوەندەکانی شیاندنەوە سوودمەند بوون.''
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، تیشک خراوەتە سەر چالاکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.
لەو بەشەدا هاتووە، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێوشوێنی بەپەلەی گرتەبەر بۆ رزگارکردنی قوربانییانی دەستی داعش.''
هەروەها راپۆرتەکە باس لە کردنەوەی نووسینگەیەکی تایبەتمەند دەکات بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش و دەشڵێت: ''حکومەت هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، بەپێی پاراستنی هەموو کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ.''
لەدوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، 6,417 کوردی ئێزدی لە هەردوو رەگەز رفێندران. بە هەوڵەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، تاوەکو ئێستا 3,590 کەس رزگارکراون و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەوانی دیکە بەردەوامن.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تاوەکو 01-06-2025، لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، دوو هەزار و 991 داوا و سێ هەزار و 290 سکاڵا تۆمار کراون و دوو هەزار و 848 قوربانی (ئێزدی) پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە.''
هەروەها بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بیشەروشوێنبووان، ئامێرەکانی پشکنینی (DNA) لە فەرمانگەی بەڵگەی تاوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دانراون.''
''290 کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر دەستگیر کراون''
نووسینگەی رێکخەری راسپارە نێودەوڵتییەکان بەشێکی راپۆرتەکەی تایبەت کردووە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا هاتووە، ''لە سەرەتای ساڵی 2024ـوە تاوەکو مانگی تەممووزی 2025، 290 کەس بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بەتایبەتی داعش دەستگیرکراون کە 124ـیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە، بە فەرمانی دادوەر ئازاد کراون.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ''بەگوێرەی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەزار و 246 دۆسیەی تیرۆر لە دادگەکان یەکلایی کراونەتەوە و ژمارەی گیراوانی سەر بە داعش لە چاکسازییەکاندا 659 سزادراوە.''
مافەکانی ئافرەت
هاوکات نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یاسایی پێشکەوتووی ناوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی مافەکانی ئافرەتان و پاراستنیان لە جیاکاری و تووندوتیژی.''
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە راپۆرتەکەدا خراونەتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان 192 رێکخراوی تایبەت بە ئافرەتان هەن، لەگەڵ ئەوەشدا 69 دادوەر، 58 داواکاری گشتی، 185 لێکۆڵەر و 255 یاریدەدەری دادوەری ئافرەت هەن.''
هەروەها باس لەوە کراوە، لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا نزیکەی 800 ئافرەت بەشدارن و 123 ئافرەتیش لە فەوجێکی تایبەت بە شنگال جێگیرکراون.
وەک لە راپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، بەگشتی لە سێ هەزار و 400 ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، هەزار و 600ـیان ئافرەتن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە سستیی چاکسازییەکان کردووە لە هەرێمی کوردستان لە هەندێک بواردا ''لەوانەش تەواوکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی و بەرزنەکردنەوەی سەرجەم ئەو تێبینییانەی پەیوەندییان بە رێککەوتننامەی سیداوەوە (رێککەوتننامەی نههێشتنی ههموو جۆره جیاوازییهک له دژی ئافرهتان) هەیە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ