یونامی نیگەرانیی خۆی لەبارەی رێکارەکانی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگی دەربڕی

23-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو – هەولێر

نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەو رێکارانە دەربڕی کە لە بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگی و هاوکارەکانی لە سلێمانی گیراونەتەبەر و جەختی لە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان کردەوە.
 
لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی "ئەنجامەکانی جێبەجێکردنى پلانی حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ"، کە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رێکخرابوو، فرانک رێڤێلتۆ-لاناو، سەرۆکی نووسینگەی هەولێری یونامی، رایگەیاند: "یونامی لە نزیکەوە چاودێریی رێکارە دادگەرییەکانی دژی بەڕێزان شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگی و هاوکارەکانیان لە سلێمانی دەکات."
 
لە گوتارەکەیدا، کە لە لایەن خۆیەوە دەقەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، دیپلۆماتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە یونامی "هەندێ هەواڵی لە بارەی رێکارە یاساییەکان و رەوشی مافە سەرەتاییەکان لەم دادگاییکردنانەدا پێگەیشتووە کە مایەی نیگەرانین." 
 
رێڤێلتۆ-لاناو گوتیشی: "گرنگە دڵنیابینەوە کە ئەم نیگەرانیانە چارەسەر دەکرێن بۆ بەرزڕاگرتنی بنەماکانی دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی گشتی بە سیستمی دادوەری."
 
هاوکات لە کۆڕبەندەکەدا دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە دەستکەوتەکانی پلانی کاری مافی مرۆڤ کرد و رایگەیاند کە 87.5٪ی راسپاردەکان جێبەجێ کراون.
 
رێڤێلتۆ-لاناو لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی مافی مرۆڤ و بە "هەنگاوێکی گەورە و پابەندبوونێکی سەرەکی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ" ناوی برد.
 
سەرۆکی نووسینگەی هەولێری یونامی ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق لە کۆتایی ئەمساڵ، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییەکانی بۆ بەهێزکردنی توانای دامەزراوەیی، پێشخستنی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە