رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 50 گوندی سەر بە شاری بیجار چۆڵکراون و دانیشتووانیان بەرەو ناوەندی شاری بیجار و شارەکانی دیکەی پارێزگاکە کۆچیان کردووە.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە، رۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانسی نیشتمانیی توێژینەوە لەبارەی ناوچەی گەڕووس رایگەیاند، لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە 50 گوندی سەر بە شاری بیجار لە چۆڵ کراون.
بە گوتەی پارێزگاری سنە، کێشەی کەمئاوی، بێکاری، دابەزینی داهاتی کەرتی کشتوکاڵ لە هۆکارە سەرەکییەکانی چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچکردنی دانیشتووانیان بەرەو شارەکانن.
ئارەش لهۆنی گوتی، بۆ رێگریکردن لە بەردەوامیی رەوتی چۆڵکردنی گوندەکان و چارەسەرکردنی کێشەکە، پێویستە پلانی تایبەت دابنرێت و هەنگاوی کردەیی بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە هەڵبگیرێت.
پارێزگاری سنە ئاماژەی بەوەدا بۆ گەشەپێدانی بیجار حکومەت چەندین پلانی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، راکێشانی هێلی ئاسن و گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی سیازاخەوە بۆ ناوچەکە، هەروەها پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری پەسند کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆنفرانسی نیشتمانیی توێژینەوە لەبارەی ناوچەی گەڕووس لە شاری سنە بەڕێوەچوو، کە لە لایەن زانکۆی کوردستانەوە رێکخرابوو.
شاری بیجار دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای سنە و 140 کیلومەتر لە ناوەندی شاری سنەوە دوورە. شارەکە 288 گوندی هەیە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 90 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ