رووداو دیجیتاڵ
گەڕەکی عارەبان، سیمبول و نیشانەیەکی هەمەڕەنگی مێژوویی پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە بەشی زۆری خانووەکانی داڕماون، چاوەڕوانیی ژیانەوە دەکات. لە مەترسیی لەنێوچوونی ئەم گەڕەکەدا، "ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر" دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی یەکەم ژمارە لە خانووە دێرینەکانی گەڕەکەکە.
سەید عامر سەید غانم، دانیشتووی رەسەنی گەڕەکی عەرەبان کە 50 ساڵە لەوێ دەژی، دەڵێت: "سەربانەکان قوڕ بوون و گەچ نەبوون وەکو ئێستا... ئێستا من کۆشکێک و ڤیلای تازەترین مۆدێلم بدەنێ هەر چاوم لە گەڕەکی عەرەبانە."
دەستنووسخانە و گەلەری
ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی دوو خانووی گەڕەکەکە کردووە. شارەزایانی ناوەندەکە سەید عامر و خەڵکی رەسەنی عەرەبان دڵنیا دەکەنەوە کە نۆژەنکردنەوەکە بەبێ هیچ زیانێک دەبێت بە سیمای رەسەنی خانووەکان. وەستا رەنجدەر جەوهەر گوتی: "وەکو شێوازی کۆن دەمێنێتەوە، تەنیا ئەو خشتانەی خراپ بوون دەریدەهێنین و چاکی دەکەینەوە."
خانووی یەکەم دەبێتە دەستنووسخانەی کوردستان و بڕیارە نزیکەی 700 دەستنووسی کوردیی گرنگی تێدا هەڵبگیرێن.
خانووی دووەم، کە ماڵی مام عومەر تەباخ بووە و رۆژانە خواردنی زیندانی هەولێری لێ دروست دەکرا، دەبێتە گەلەرییەکی هونەری.
محەممەد فاتیح، بەڕێوەبەری ناوەندەکە، جەختی لەسەر تەکنەلۆجیای بەکارهاتووی نۆژەنکردنەوەکە کردەوە: "تەنانەت ئەو ئامێرانەی هێناومانە بۆ ئەرشیڤە فیزیکییەکە لە وڵاتی ئیسپانیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئوردنی هێناومانە، تەنانەت جۆری کەشەکەشمان دیاریکردووە کە کەشی ژوورەوە کۆنترۆڵکراو بێت."
شێرزاد عومەر، کوڕی مام عومەر تەباخ، دەربارەی نۆژەنکردنەوەکە گوتی: "نۆژەنکردنەوەی ئەم خانووە لەسەر شێوازی خۆی بۆ ئێمە زۆر خۆشە و مایەی سەربەزرییە."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پشتیوانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "هەست بە کوالێتییەکی بەرز دەکەین کە سوودیان وەرگرتووە لە تواناکانی شارەزایان لەو بوارەدا."
بڕیارە دەستنووسخانەکە لە کۆتایی ئەم ساڵدا بکرێتەوە و گەلەرییەکەش لە سەرەتای ساڵی داهاتوو. ناوەندەکە دوو خانووی دیکەشی وەرگرتووە کە بڕیارە لە داهاتوودا یەکێکیان بکرێتە سینەما و ئەوەی دیکەشیان بکرێتە سەنتەری بنیاتنانی توانای مرۆیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ