دیندار زێباری بۆ رووداو: 62%ی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانمان جێبەجێکردووە

23-10-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 62%ی ئەو راسپاردە نێودەوڵەتییانەی جێبەجێکردووە کە تایبەتن بە مافەکانی مرۆڤ. هۆشداریشی دا، تاوانە رێکخراوەکان، بەتایبەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مادە هۆشبەرەکان، بوونەتە "هەڕەشەیەکی جدی".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-10-2025، لە کۆڕبەندێکدا دەرئەنجامەکانی پلانی پێنج ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) خرایەڕوو، کە تێیدا وێنەیەکی تێکەڵ لە پێشکەوتنی یاسایی و ئاڵنگارییە قووڵەکان نمایش کرا.
 
د. دیندار زێباری، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، ئامارەکانی خستەڕوو و گوتی: "لە کۆی 389 راسپاردەی نێودەوڵەتی، 62% و زیاتریش جێبەجێ کراوە. دەسەڵاتی جێبەجێکردن 87%، دەسەڵاتی دادوەری 78% و پەرلەمانیش بە رێژەی 40% پابەندی جێبەجێکردنی راسپاردەکان بوون."
 
دەستکەوتەکان لە چاکسازی و یاسادا
 
بەپێی راپۆرتە 200 لاپەڕەییەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، یەکێک لە دیارترین پێشکەوتنەکان لە بواری یاساداناندایە. لە ماوەی کارکردن بە پلانەکە، 22 یاسای نوێی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ دەرچووێنراون، لە کاتێکدا پێشتر تەنیا 14 یاسای هاوشێوە هەبوون.
 
بە گوتەی دیندار زێباری سیستمی دادوەری چالاکییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ لە ساڵی 2024دا دادگاکانی لێکۆڵینەوە پێداچوونەوەیان بۆ 171,091 دۆسیە کردووە و دادگاکانی تاوانیش 14,755 دۆسیەیان تۆمار کردووە، کە  "قەبارەی کار و گوشاری سەر ئەم دەسەڵاتە نیشان دەدات."
 
زێباری دەستکەوتەکانی دیکەی حکومەتی ریز کرد و گوتی: "لە دۆسیەی مرۆیی، پەرەپێدانی دامەزراوەکان، پاڵپشتی لە ئاوارە و پەنابەر، پاراستنی ئازادیی رادەربڕین، بەشداریی ئافرەت، بابەتی کەمئەندامان و پێکهاتەکان، هەروەها لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیدا، دەستکەوتی گرنگمان هەبووە."
 
دیوی دووەمی راپۆرتەکە؛ هەڵکشانی تاوانە مەترسیدارەکان
 
سەڕەڕای پێشکەوتنە یاساییەکان، راپۆرتەکە ئاماژە بە زیادبوونێکی بەرچاوی چەندین تاوانی مەترسیدار دەکات. لەوانە  بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەمساڵدا گەیشتووەتە 396 حاڵەت، کە بە شێوەیەکی "دراماتیکی" بەرزبووەتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، مادە هۆشبەرەکان بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە. دیندار زێباری گوتی: "یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020مان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر. زیاتر لە 3000 کەس لەژێر لێکۆڵینەوەدان و تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ 1,599 کەس سزا دراون، کە زیاتر لە 900 کەسیان بازرگان بوون نەک بەکارهێنەر."
 
ئاڵنگارییەکان؛ بودجە و بەغدا
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاڵنگارییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی تەواوی پلانەکەی لە دوو خاڵی سەرەکیدا کۆکردەوە: "یەکەمیان نەبوونی بودجەی پێویست بووە. دووەمیشیان هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و پابەندنەبوونی عێراق بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییە گرنگەکانەوە وەک رێککەوتننامەی رۆما، کە دەستی هەرێمی کوردستانی بەستووەتەوە."
 
سەبارەت بە چارەسەر، زێباری روونیکردەوە: "تەنیا رێگە لەبەردەم هەرێم ئەوەیە کە لە رێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە گوشار دروست بکات، بۆ ئەوەی یاسا نیشتمانییەکانی عێراق لەگەڵ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بگونجێنرێن."
 
گرنگیی داتا و شەفافیەت
 
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم پلانە، بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکان بووە، کە تێیدا زیاتر لە 408 هەزار لاپەڕە بەڵگەی تاوانی داعش دژی ئێزدییەکان ئەرشیف کراوە.
 
د. دیندار زێباری جەختی لە گرنگیی داتا بۆ داهاتووی کاری حکومەت کردەوە و گوتی: "بەبێ بوونی داتا و شەفافیەت، ئەستەمە بتوانین وەک حکومەت ستراتیژی تایبەتمان هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی کەلێنەکان و وەرگرتنی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.