عوسمان سێرت: ئەگەر تورکیا پەلاماری هەموو کورد دەدات بۆچی خەڵکەکە گەڕاونەتەوە

23-11-2019
رووداو @Rudawkurdish
د. عوسمان سێرت، له‌ ئه‌نستیوتی ئه‌نقەرە
د. عوسمان سێرت، له‌ ئه‌نستیوتی ئه‌نقەرە
نیشانەکردن توركیا رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو-دهۆک
 
د. عوسمان سێرت، له‌ ئه‌نستیوتی ئه‌نقەرە، بۆ بەشداریی لە دیداری زانکۆی ئەمریکی کوردستان- دهۆک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەل رووداو باسی هێرشەکەی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، تورکیا کێشەی لەگەڵ کورد نییە و دوای ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی هەزاران کەس ناوچەکەیان جێهێشتووە و دواتر دووبارە گەڕاونەتەوە.
 
رووداو: ستراتیژی توركیا چییە بۆ ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا؟
 
د. عوسمان سێرت: لەبارەی پرسی کوردەوە، ئەمە شتێکی قورسە بۆ تورکیا کە چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، چونکە ئێستا لە ناوخۆی تورکیادا و لەدۆخی سیاسیی ئێستای وڵاتەکەدا کۆمەڵێک کێشە هەن. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش ئەنقەرە دەبێت چەند هەنگاوێک بنێت، بەڵام چارەسەرکردنی پرسی کورد مانای ئەوە نییە کە ئەنقەرە دەبێت بە تەنیا شتانێک بکات، چارەسەرەکە دەبێت لە هەموو لایەکەوە پێکەوە بێت و، لایەنە کوردییەکانیش تێیدا بەشدار بن، پێموایە چاوەڕێکردنی چارەسەرێکی جادوویی لە ئەنقەرەوە چارەسەری کێشەکە ناکات، دەبێت لایەنەکانی ناوچەکەشی تێدا بن، بەڵام پرسی کورد گەورەترە لەوەی کە چی لە تورکیا و لە ناوچەکەدا روودەدات.
 
رووداو: توركیا دەڵێ ئێمە دژی كورد نین لە سووریا، كەچی ماڵی كورد لەلایەن گرووپەكانی سەر بەخۆی تاڵاندەكرێن و خەڵكی دیمەشق لە گوندە كوردییەكان لە سووریا نیشتەجێدەكرێن، ئەوە چۆن دەبێت؟
 
د. عوسمان سێرت: یەکەمین شت، زیاتر لە 200 هەزار کورد لە تورکیادا دەژین و لە پەیەدە هەڵاتوون، بە تایبەت لە ناوچەی کۆبانێوە کە لە لایەن پەیەدەوە کۆنتڕۆڵکرابوو، هەربۆیە پەیەدە و یەپەگە نوێنەرایەتی هەموو کوردی ناوچەکە ناکەن، ئەگەر شتێکی وا بڵێین ئەوە هەڵەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش و ئەنەکەسەش، هەربۆیە من پێم وا نییە یەپەگە نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات، تورکیا ئۆپراسیۆنێکی هەیە دژی یەپەگەی پەیوەست بە پەکەکەوە، ئەگەر سەیری کێشەکان بکەیت لەو ناوچانەی کە تورکیا کۆنتڕۆڵی کردوون لە سووریا بەراورد بە رەققە و موسڵ جیاوازییەکە دەبینیت، تورکیا هێرش ناکاتە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و دانیشتووان، و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی هەزاران خەڵک ناوچەکەیان جێهێشتووە و دواتر دووبارە گەڕاونەتەوە ناوچەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەمان پێدەڵێت، ئەگەر تورکیا پەلاماری هەموو کورد دەدات بۆچی خەڵکی دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ناوچەی خۆیان؟ 
 
رووداو: بەپێی لێكۆڵینەوەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی سەتا، توركیا دەیەوێت دەروازەی كۆراڤا (ئۆڤاكیۆ) لەگەڵ عێراق بكاتەوە بۆ ئەوەی بازرگانی زیاد بكات و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كەمكاتەوە. ئەو لاوازكردنە بووەتە سیاسەتی دەوڵەتی توركیا؟
 
د. عوسمان سێرت: بۆ تورکیا، کردنەوەی سنووری نوێ شتێکی نوێ نییە، رەنگە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بێت کردنەوەی سنووری دووەم و سێیەم لە ئەنقەرە گفتوگۆی لەسەر کرابێت، لەگەڵ بەغداش بەهەمانشێوە، ئەمە شتێکی ئاساییە بۆ تورکیا ئەگەر چەند رێگەیەکی جێگرەوەی لەگەڵ بەغدا هەبێت، نەوەک تەنیا بۆ ناوچەیەک، بینیمان کە داعش چی دەکرد، کە داعش کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی بکردایە نەتدەتوانی رێگاکان بەکاربهێنیت، هەر بۆیە ئەوە شتێکی زۆر ئاساییە کە چەند رێگەیەکی جێگرەوە هەبێت لەگەڵ بەغدا و باشووری وڵات، نەوەک تەنیا لە رێگەی خابورەوە، ئەوە چ کێشەیەکی تێدایە کە لەگەڵ بەغدا و حکومەتی عێراقیدا رووبدات؟
 
رووداو: بەڵام ئەمە لەکاتێکدایە لە زاخۆ خاڵی سنووری هەیە و ئێستا تورکیا بیر لە خاڵێکی دیکە لە سنووری رەبیعە و شوێنی دیکە دەکاتەوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین. 
 
د. عوسمان سێرت: تێدەگەم بەڵام تورکیا چەندین ساڵە ئەو دەروازەیە بەکاردەهێنێت، ئەگەر ئەوە ببێتە هۆی بەهێزبوونی حکومەتی هەرێم و هەموو بازرگانییەکان لەوێوە بن و حکومەتی هەرێم دڵخۆشبێت بەوە، چ کێشەیەک هەیە ئەگەر سنوورێکی دیکە هەبێت؟ هەموو پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تورکیا لە هەرێمەوەن و حکومەتی هەرێمیش سوود لەوە دەبینێت و ئەوەش شتێکی ئاساییە، تورکیا هەوڵدەدات دەروازەیەکی دیکەشی هەبێت و ئەگەر یەکێک بیەوێت مۆنۆپۆڵی پەیوەندییەکانی تورکیا بکات پێموایە ئەوە ڕاست نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە