نزیکەی 80%ـی نانەواخانە و سەمونخانەکانی دهۆک بە سیستمی غاز کار دەکەن

23-11-2022
هونەر رەشید
تانکییەکی غازی LPG
تانکییەکی غازی LPG
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت لەبارەی قەدەخەکردنی سیستمی غاز، هاونیشتمانییەک لە ناحیەی سەرسنک لە دهۆک کە نانەواخانە و سەمونخانەیەکی هەیە، بڕیاری داوە کارکردن بەو سیستمە رابگرێت و بەوهۆیەوە 10 کرێکاری ناردووەتەوە ماڵەوە، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە نزیکەی 80%ـی نانەواخانە و سەمونخانەکانی پارێزگاکە بە سیستمی غازی LPG کار دەکەن.
 
نزار حەسەن، خاوەنی نانەواخە و سەمونخانەکەی سەرسنک بە رووداوی گوت، "پابەندین بەو بڕیارەی کە دراوە و دوێنێ کاژێر 12:00 ئەو بڕیارە دراوە کە سیستمی غاز رابگیرێت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ئێمەش بە پێویستی دەزانین کە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەین. فڕنێکی نان و یەکێکی سەمونمان هەیە و هەردووکمان داخستوون. لە لایەکی دیکەیشەوە ئەو بڕیارە لایەنی نەرێنیشی هەیە، چونکە چەندین چێشتخانە و فڕن هەن کە کار بەو سیستمە دەکەن."
 
هەرچەند هیچ ئامارێک لەبەردەستدا نییە کە بزانرێت چەند سەمونخانە، نانەواخانە و چێشتخانە کارکردنیان بە سیستمی غاز راگرتووە، بەڵام بەشێک لە خاوەن باڵەخانەکانیش رێگە نادەن کە لەنێو باڵەخانەکانیان کار بەو سیستمە بکرێت.
 
ئەحمەد مزووری، نوێنەری سەمونخانەکانی دهۆک دەڵێت، "نزیکەی دوو ساڵە کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام ئەنجامەکەیان ئەم تەقینەوەیە بوو. کۆبوونەوەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و هیچمان بۆ نەکراوە. ئیستا کارکردن بە سیستمی غاز راگیراوە، کار بکەین خاوەن باڵەخانەکان رێگە نادەن، نەیکەین ناکرێت. داوا لە حکومەت دەکەین کە بەدیلێلێک بۆ ئەو کارە بدۆزێتەوە گاز بە نرخێکی گونجاو بۆمان دابین بکات."
 
بەشێک لە خاوەن چێشتخانەکانی دهۆک لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ئەوان خۆیان بەرپرسن لە هەر رووداوێکی تەقینەوە کە بەهۆی سیستمی غازەوە رووبدات، بەڵام هەندێکیان بەردەوامن لە کارکردن.
 
سەباح عەبدولڕەحمان، خاوەنی چێشتخانەیەکە و دەڵێت، "بەیانی [چێشتخانەکە]مان داخست. ئاسایش و هێزەکانی نەهێشتنی تاوان هاتن و گوتیان کێشەیەک رووبدات خۆتان لێی بەرپرسن، ئێمەش گوتمان ئەگەر ئاوایە دایدەخەین، ئیدی دامانخست و سەیرمان کرد نانەواخانەکانیش داخراون، بۆیە ئێمەش دامانخست."
 
شۆڕەش مەجید، خاوەنی چێشتخانەیەکی دیکەیە لە دهۆک و باس لەوە دەکات، "کەس نەیگوت قەدەخەیە کە بکرێنەوە و دەبێ کارەکان رابگرن. لە دهۆک هەمووی ئەو بتڵە غازە بەکاردەهێنن، هەر لە چێشتخانەکانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە ئۆتێل و فڕن، ناکرێت بە یەکجار هەموویان دابخرێن."
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک 129 سەمونخانە و 205 نانەواخانە هەن کە نزیکەی 80%یان بە سیستمی غاز کار دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە