رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەرايەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بەسەر 2.6 کگم مادەی هۆشبەردا گرتووە و پێنج تۆمەتبار دەستگیر کردووە کە مامەڵەیان بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە، "یەکێکیان داواکراوی نێودەوڵەتییە".
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، " لەبەردەوامیی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە رێکەوتی 21 و 22ی 11ی 2023، لەسێ چالاکیی سەرکەوتوودا دوای وەرگرتنی بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا پێنج تۆمەتبار دەستگیربکرێن کە کاری کڕین و فرۆشتن بەمادەی هۆشبەر دەکەن."
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، یەکێک لە تۆمەتبارەکان "داواکراوی نیودەوڵەتییە".
هاوپێچ لەگەڵ راگەیێندراوەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە وێنەیەکی مادە هۆشبەرە دەستبەسەرداگیراوەکانی بڵاورکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، دەست بەسەر چەند چەکێک و بڕێکی پارە لە دینار و دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە.
باس لەوەش دەکات، لەو سێ چالاکییەدا بڕی دوو کیلۆ و 600 گرام مادەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ