رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سکرتێری یانەی زاخۆ چاڵێنجی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی کرد بۆ ئەوەی بە کورتە نامە داوا لە هاونیشتمانییان بکات دەنگ بە هاندەرانی یانەی زاخۆ بدەن، ئەمڕۆ سیروان بارزانی چاڵێنجەکەی قبووڵکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سیروان بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چاڵێنجی بەڕێز هۆشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ قبووڵ دەکەم کە لە رێگەی رووداوەوە ئاراستەی منی کردووە."
سیروان بارزانی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بەشداری لە دەنگدان بکەن بۆ یانەی زاخۆ و لەڕێی پەیجی لینکی فیفاوە پشتیوانی لە پێشخستنی وەرزش لە هەرێمی کوردستان بکەن."
پێشتر هۆشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ لە رێی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای لە سیروان بارزانی کردبوو، بە کورتەنامەی کۆڕەک تێلیکۆم داوا لە هاونیشتمانییان بکات دەنگ بدەن. ئەمڕۆ کۆڕەک تێلیکۆم کورتە نامەکەی بۆ هاوبەشانی نارد.
یانەی وەرزشیی زاخۆ، لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)وە وەک یەکێک لە سێ بەربژێری کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری ساڵ" (FIFA Fan Award) دەستنیشان کراوە، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەستپێکردووە و بڕیارە تیمەکانیان سەردانی شارەکانی دیکەی عێراق بکەن.سەرۆکی یانەکەش داوای بەشدارییەکی فراوانتری هاووڵاتییان دەکات.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی باشترین هاندەری جیهان تاوەکو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و کەمتر لە پێنج رۆژ لەبەردەم هاندەران و خەڵکی کوردستاندا ماوە بۆ دەنگدان و سەرخستنی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە مێژووییە.
فیفا لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، هۆکاری پاڵاوتنی هاندەرانی زاخۆی بەم شێوەیە روونکردووەتەوە: "هاندەرانی یانەی زاخۆ پشتیوانیی خۆیان بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە دەربڕی، بە فڕێدانی بووکەڵە بۆ ناو یاریگە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی یاریی خولی عێراق بوو بەرامبەر یانەی حدوود."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ