رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی تەندروستیی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە رووداوێکدا سێ ئەندامی یەک خێزان لە شاری ئەلیگودەرز بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە گیانیان لەدەستدا و منداڵێکی دیکەیان رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
رۆژی یەکشەممە، 23-11-2025، فەرزاد میرسپەوەند، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی لوڕستان رایگەیاند: "شەوی رابردوو ئاگادارکراینەوە، کە ئەندامانی خێزانێک ژەهراوی بوون، دەستبەجێ تیمەکانمان بە دوو ئەمبوڵانسەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."
میرسپەوەند ئاماژەی بەوەدا، دوای گەیشتنی تیمەکان دەرکەوتووە چوار کەس ژەهراوی بوون و گوتی: "بەداخەوە سێ کەسیان کە بریتی بوون لە دایک و باوک و منداڵێکی پێنج مانگ، گیانیان لەدەستدابوو، منداڵەکەی دیکەی خێزانەکەش بۆ چارەسەر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پزیشکی دادی ئێران، تەنیا لە مانگی یەکەمی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا، 221 کەس لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون، کە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی هەمان ئامار، پارێزگای ورمێ بە 39 کەس، سنە بە 25 کەس و ئازەربایجانی رۆژهەڵات بە 18 کەس، زۆرترین ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن تێیاندا تۆمارکراوە.
ساڵانە لە وەرزی سەرما و لەگەڵ بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، دەیان کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانیی بڵاوبوونەوەی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ