رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەرە بە بەرنامەی خوێندن دەدەن تاوەکو لەگەڵ سەردەم بگونجێت و بە دەرچووانی زانکۆکانیشی راگەیاند، "دەرفەتی کار چاوەڕێی کەسی زیرەک و بەتوانایە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئاهەنگی خولی 44ـەمینی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ دەرچووانی قۆناخی کۆتایی هەردوو خولی یەکەم و دووەم بۆ ساڵەکانی 2024-2025 بەڕێوەچوو. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، لە گوتارێکدا رایگەیاند، "خوێندن و پەروەردە بەهێزترین ئامرازن بۆ سەرکەوتن و پێشخستنی کوردستان؛ گەنجەکانمان گەورەترین سەرچاوەی هێزی کوردستانن."
لە گوتارەکەیدا رێبەر ئەحمەد، گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و زانکۆکان؛ ئەمەش لە پێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز کە دەرفەت بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنێت، برەو بە تواناکانیان بدەن بۆ بەشدارییەکی کارا لە پڕۆسەی گەشەپێدان و کاروانی ئاوەدانیی کوردستان، بەتایبەتی زانکۆکان کە ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفەن؛ نابێت تەنیا شوێنێک بن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە، بەڵکو دەبێت رۆڵێکی گرنگیان لە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان هەبێت و ناوەندێک بن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار، زانا و سەرکردەکانی داهاتوو."
ئاهەنگەکە لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بەڕێوەچوو. وەزیری ناوخۆ گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەنگاوی جیدیی چاکسازی لە سیستمی پەروەردە و زانکۆکاندا کردووە؛ بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامی پەروەردە و خوێندنی باڵای دروست کردووە."
لەبارەی ئامانجی دەستکەوتەکەوە، رێبەر ئەحمەد گوتی، "بۆ دانانی کۆمەڵێک پێوەر و ستانداردی کارای نێودەوڵەتیی یەکگرتووە بۆ خوێندن و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتیی زانستیی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی تایبەت و گشتییە و رێکخستنەوەی پڕۆسەی چاودێریکردن و پێداچوونەوەیە و پشتوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە."
وەزیری ناوخۆ گوتی، "یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانمان پەرەپێدانی بەرنامەی خوێندنە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە بگونجێت و دەرچووانی زانکۆکان بە شێوەیەک ئامادە بکرێن و پێبگەیێندرێن کە فێری ئەو زانست و پسپۆڕییە بن کە بۆ هەرێمی کوردستان پێویستن و پێداویستییەکانی ئەمڕۆی بازاڕ دابین دەکەن."
لەبارەی هەلی کارەوە، رێبەر ئەحمەد بە دەرچووانی گوت، "دەرفەتی کار بۆ ئەو کەسانەیە کە زیرەک و بەتوانان؛ کەرتی تایبەت چاوەڕێی پێشنیاز و داهێنانتانە."
زانکۆی سەڵاحەدین 17 کۆلێژ و 90 بەشی ئەکادیمیی هەیە؛ بەڵام ئەم ساڵ 15 کۆلێژ و 83 بەشی ئەکادیمی ئاهەنگی دەرچوونیان گێڕا.
لەم خولەدا 1,950 قوتابیی خوێندنی باڵا و 5,032 قوتابیی بەکالۆریۆس بڕوانامەیان پێ دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ