رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، ئەگەر وشکەساڵی بەردەوام بێت و بەکارهێنانی ئاو بەتایبەت لە سەرچاوەکانی ژێر زەویی زیاتر بێت، رۆچوونی زەویش زیاتر دەبێت و لێکەوتەی زۆر جیدی و سەختی بۆ پارێزگاکە دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2025، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگاکە باسی مەترسییەکانی بەردەوامبوونی وشکەساڵی، قووڵبوونی کێشەی کەمئاوی و زیاتربوونی رۆچوونی زەوی کرد و رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ بەرپرسیارە لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکە و دەبێ پلان و بەرنامەکانی پەیوەندیدار بەو پرسەوە جێبەجێ بکات.
بە گوتەی پارێزگاری ورمێ، ئێستا نزیکەی 90%ی ئاوی پارێزگاکە لە کەرتی کشتوکاڵ بەکاردەهێندرێت و تادێت زیاتریش دەبێت و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە.
رەزا رەحمانی گوتی، یەکێک لە گرنگترین مەترسییەکانی بەردەم پارێزگاکە زیادبوونی رۆچوونی زەوییە و گرنگە بۆ دامەزراوە بەرپرسیارەکان چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.
رەحمانی دەشڵێت، ئەگەر وشکەساڵی بەردەوام بێت و بەکارهێنانی ئاو بەتایبەت لە سەرچاوەکانی ژێر زەویی زیاتر بێت، رۆچوونی زەویش زیاتر دەبێت و لێکەوتەی زۆر جیدی و سەختی بۆ پارێزگاکە دەبێت.
پارێزگاری ورمێ هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی رۆچوونی زەوی و دانانی پلان و سیاسەتی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی دیاردەکە دابمەزرێت.
لە 29ی تشریمی یەکەمی ئەم ساڵ، ئیرەج سەڵمانزادە، نوێنەری پارێزگای ورمێ لە ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێران رایگەیاندووە، رۆچوونی زەوی لە پارێزگاکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەتایبەت لە سێ دەشتی سەڵماس، خۆی و باشووری رۆژهەڵاتی ورمێ، دۆخەکە خراپترە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، رۆچوونی زەوی لە دەشتی سەڵماس زیادی کردووە و ساڵانە لە نێوان 16 بۆ 17 سانتیمەتر دایە.
نوێنەری پارێزگای ورمێ دەشڵێت، وشکەساڵی، زیادبوونی کانە چالاکەکان لە ناوچەکە، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری بەنداو لە ناوچەکە، گۆڕینی بەکارهێنانی زەوی و زیادبوونی بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوییەکان، بە هۆکاری سەرەکیی رۆچوونی زەوی لە پارێزگای ورمێ دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ