رووداو دیجیتاڵ
دوای بەقەزابوونی، قایمقامیەتی رزگاری بە فەرمی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کرایەوە و جەماڵ ساڵح، بە وەکالەت وەک قایمقامی قەزاکە دەستبەکار بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-11-2025، لە رێورەسمێکدا بە فەرمی قایمقامیەتی قەزای رزگاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کرایەوە، کە دوای فەرمانی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناحیەوە کرایە قەزا.
لە رێوڕەسمەکەدا جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رایگەیاند، ''دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەقەزاکردنی رزگاری، بە باشمانزانی ئێمەش لە ئیدارەکە، برای بەڕێزمان جەماڵ ساڵح کە پێشتر بەڕێوەبەری ناحیە بوو، پێشنیازی بکەین بۆ پۆستی قایمامی قەزاکە.''
پێشتر بە نووسراوێک کە ژمارە 35671 و رێککەوتی دووشەممە 17-11-2025ـی لەسەرە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە واژۆی وەزیر فەرمانێکی بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو: "بڕیاردرا بە دانانی (جەمال ساڵح ئەحمەد) بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە قایمقامی قەزای رزگاری بە وەکالەت و لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، جەماڵ ساڵح، قایمقامی رزگاری بە وەکالەت، فەرمانی دەستبەکاربوونی لەلایەن جەلال شێخ نوورییەوە پێدرا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رایگەیاند: ''پێویستە لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند یەکەیەکی ئیداریی دیکە لە سنوورەکە بهێنرێنە کایەوە، بەتایبەتی ناحیە. چونکە گەرمیان رۆژ بە رۆژ لە گەورەبووندایە و بوونی ئەو یەکە ئیدارییانە خزمەت بە ناوچەکە دەکات.''
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 23ـی ئەیلوولی 2025، فهرمانێكى ههرێمی بۆ هێنانهكايهى قهزاى رزگارى له سنوورى ئيدارەی سهربهخۆى گهرميان لە پارێزگای سلێمانی واژۆ كرد، كه ههمان سنوورى ئێستاى ناحيهکە لهخۆدهگرێت.
ئێستا ژمارەی دانیشتووانی رزگاری نزیکەی 50 هەزار کەسە، زۆربەیان رزگاربوو یان کەسوکاری ئەنفالکراوانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ