رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەڵەی داوە و چاندن دەستیپێکردووە، بەتایبەت لە سلێمانی و هەڵەبجە. بەڕێوەبەرانی کشتوکاڵ لە هەولێر و دهۆک دەڵێن، لە زۆرینەی سنوورەکەیان چاندن دەستیپێکردووە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی زۆرینەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە زۆربەی شوێنەکانی هەرێمی کوردستان پەڵەی داوە و چاندنی گەنم دەستیپێکردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "جگە لە بەشێکی کەمی پارێزگای هەولێر، لە زۆرینەی ناوچەکان بەگشتی دۆخەکە باشە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و جووتیاران زەوییەکانیان دەکێڵن".
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە رووداوی گوت: "لە ناوچەی مسۆگەرمان زیاتر لە 50 ملیمەتر باران باریوە، لە نیمچە مسۆگەر نزیکەی 30 ملیمەتر باریوە و ئەوەش بەس بوو بۆ پەڵەدان".
بە گوتەی هێمن سەید موراد، زۆربەی جووتیارانی هەولێر دەستیان بە کێڵانی زەوییەکانیان و چاندنی گەنم کردووە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت: "بە تێكڕا 78 ملیمەتر باران لە سنوورەکەمان باریوە و پەڵەی داوە، بۆیە لە تەواوی سنوورەکەمان چاندنی گەنم دەستیپێکردووە".
بەهۆی کەشوهەوای ناوچەکەوە، لە گەرمیان کێڵانی زەوی و چاندنی گەنم زیاتر لە هەفتەیەکە دەستیپێکردووە.
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە یەکەم بارانی ئەم وەرزەدا لە ناوچەکانی باکووری گەرمیان 60 ملیمەتر باران باریوە و پەڵەی داوە، بەڵام هێشتا باشوورەکەی بارانی دەوێت".
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی: "لەو ناوچانەی پەڵەی داوە و ئەوانەشی پەڵەی تەواوی نەداوە چاندنی گەنم دەستیپێکردووە".
بەگوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو 3 هەزار و 254 تۆن گەنمی بنەتۆو دراوەتە جووتیارانی پارێزگای هەولێر نرخی تۆنێکی بە 450 هەزار دینار، کە "هەر تۆنێکی 990 هەزار دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە".
بە هەمان نرخ، ئەم ساڵ لە سلێمانی 3 هەزار و 700 تۆن بنەتۆو دابەشکراوە، هاوکات لە دهۆک 2 هەزار و 320 تۆن و لە هەڵەبجە 222 تۆن بنەتۆ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشکراوە.
جگە لەو بنەتۆوەی دابەش کراوە، بەشێکی جووتیاران لە بەرهەمی ساڵی پێشوویان بنەتۆو ئامادە دەکەن و بەشەکەی دیکەش لە بازاڕەکاندا دەیکڕن، کە بنەتۆوی هاوردەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ