رووداو دیجیتاڵ
تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''تەنیا راگرتنی گەشتەکان نییە، بەڵکو هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕێت.''
ئەمڕۆ شەممە 23-12-2023، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 22ـی 6ـی 2024 درێژکردەوە.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە بە فەرمی لە بڕیاری درێژکردنەوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان ئاگادارکراوەتەوە، بەبێ ئەوەی باس لە هۆکارەکەی بکرێت.
وەک پەیامنێری رووداو ئاماژەیدا، بڕیارەکە تەنیا راگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا و پێچەوانەکەی نییە، بەڵکو هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت لە سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا بۆ وڵاتانی دیکەش یان بەپێچەوانەکەی تێپەڕێت و قەدەخەکراوە.
3ـی نیسانی 2023 کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو ئێستا راگرتووە؛ چەندین جاریش بڕیارەکە درێژکراوەتەوە. لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، "چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە و ئەو رێکخراوە دزەیکردووە بۆ ناو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان''.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 180 نووسینگە و بریکاری گەشتیاری هەن کە رۆژانە ریکلامیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، کۆمپانیاکان دەڵێن، بە درێژکردنەوەی بڕیارەکە زیانی راگرتنی گەشتەکان چەند هێندە زیاد دەکات و داوا دەکەن بە زووترین کات پەیوەندییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەکاربهێنرێن.
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە چارەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ