رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایدەگەیێنێت، بۆ دووەمین رۆژ لەسەریەک هەوای شاری ورمێ لە دۆخی "ناتەندروست"ـدایە و ئاستی پیسییەکەی گەیشتووەتە 161 پلە. دەشڵێت، دۆخەکە بۆ هەموو توێژەکان مەترسیدارە.
رۆژی سێشەممە 23-12-2025، سەعید موسەوی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بە پشتبەستن بە داتای وێستگەکانی چاودێریی کوالیتی هەوا، ئەمڕۆ رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکان لە هەوای شاری ورمێ بەرزبووەتەوە و "ئێستا پلەی پیسیی هەوای شارەکە گەیشتووەتە 161 پلە، بەمەش هەوای شارەکە بۆ هەموو گرووپەکان مەترسیدارە."
بە گوتەی موسەوی، هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی هەوای شاری ورمێ دەگەڕێنەوە بۆ "قەتیسبوونی هەوا، دووکەڵی ئۆتۆمبێل و کارگەکان".
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ورمێ هۆشدار دەداتە دانیشتووانی شارەکە و داوا دەکات ئەگەر کاری زۆر پێویستیان نەبێت، نەچنە دەرەوە.
موسەوی گوتی: "منداڵان، بەساڵاچووان، نەخۆشانی دڵ و سییەکان، ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی تەنگەنەفەسییان هەیە، پێویستە تاوەکو دەتوانن خۆیان لە چالاکییە ناپێویستەکانی دەرەوە بەدوور بگرن."
پیسبوونی هەوا لە ورمێ بووەتە گرفتێکی بەردەوام؛ تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا بەهۆی پیسبوونی هەواوە، چەندینجار دەوامی قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگاکە کراوەتە پشوو.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵی رابردوو 58 هەزار و 975 کەس لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانییەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ