کشتوکاڵی سەلاحەدین داوای وردەکاریی گرێبەستەکانی خورماتوو دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سەلاحەدین بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە کشتوکاڵی خورماتوو کردووە زانیاریی تەواویان پێ بدرێت لەبارەی ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییانەی ئەو سنوورە کە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش دەیانگرێتەوە.
 
نووسراوەکە بە واژۆی مەکتووم حەماد خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای سەلاحەدین لە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 ئاراستەی هۆبەی کشتوکاڵی خورماتوو کراوە.
 
سێشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2025، حوسێن عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوەکەمان پێگەیشتووە، بەڵام روون نییە کە مەبەستی ئەو 600 گرێبەستە کشتوکاڵییەیە کە لە خورماتوو هەیە یان ئەو 55 گرێبەستەی زەوییەکانی کوردە کە نزیکەی 1800 دۆنم دەبن".
 
ئەو 1800 دۆنمە کە لە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەب لە خورماتوو کێشەی لەسەرە، لە گوندەکانی تەپەسەوز، پارەپارە و ئەلبو سەباح-ن، ئەو زەوییانە هی 30 جووتیاری کوردن.
 
بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی خورماتوو رایگەیاند، ئەو نووسراوە دۆسیە و زانیاریی تەواوی ئەو گرێبەستانەیان لێ دەوێت کە بەگوێرەی چ بڕیارێک و لە چ ساڵێکدا گرێبەستەکان کراون.
 
نووسراوەکە داواى کردووە  بۆچوونی یاسایی خۆیان بخەنە روو و هاوپێچ لەگەڵیدا دۆسیەی ئەو گرێبەستانەیان بۆ بنێرن، لەسەر بنەمای نووسراوێکی دیکە کە لە 29ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ پێیان گەیشتووە کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سەلاحەدین و دیالە و کەرکووک و داوایان لێدەکات ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییانە هەڵبوەشێننەوە کە بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش کراون و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ هەڵیوەشاندوونەتەوە.
 
حوسێن عەلی محەممەد رایگەیاند بڕیارە لەگەڵ یەکەی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی خورماتوو کۆببینەوە بۆ زانینی ئەوەی مەبەست لەو نووسراوە کام زەوییانەیە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ هەمان نووسراوی بۆ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 ناردووە، هادی عامری سەرۆکی لیژنەکە لە 11ی کانوونی یەکەمی 2025 بە وەزارەتی کشتوکاڵی گوتووە: مادەی 140 خورماتوو دەگرێتەوە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەگوێرەی بڕیاری 369ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە 31ی ئاداری 1975 بەناوکراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

سوودانی، تەیف سامیی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 راسپارد

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی راسپارد مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.