رووداو دیجیتاڵ
لە دەربەندیخان ژیانی چەندین قوتابی لە مەترسیدایە؛ بەهۆی شوێنەواری بوومەلەرزەکەی 2017 و کۆنیی باڵەخانەکانەوە، 17 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
دوای گەیاندنی دیمەنەکان لەلایەن بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـەوە، وەزیری پەروەردە بڕیاری خەرجکردنی بودجەی بۆ نۆژەنکردنەوەیان دا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) و ئامارە فەرمییەکان، بەشێک لەو قوتابخانانە هێشتا شوێنەواری بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017ـیان پێوە دیارە و نۆژەن نەکراونەتەوە، تەنانەت لەسەر دیواری بەشێکیان نووسراوە "مەترسیدارە".
هاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان رایگەیاند، لیژنەیەکیان بپێکهێناوە و دەرکەوتووە یەکێک لە قوتابخانەکان بەهۆی زۆریی مەترسییەکەیەوە دەبێت بەتەواوی چۆڵ بکرێت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان گوتی: "دەرخستەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە ئامادە کردووە کە تێچووەکەی 600 ملیۆن دینارە و هەفتەیەک پێش ئێستا رەوانەی سلێمانیمان کردووە، چونکە ئەو باڵەخانانە بەرگەی بچووکترین دیاردەی سروشتی وەک بومەلەرزە، لافاو یان رەشەبا ناگرن."
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەو قوتابخانانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە بریتین لە:
قوتابخانەی پێشەوا: لە گەڕەکی راپەڕینە، دوو نهۆمە و 400 قوتابی تێدایە، نابێت دەوامی تێدا بکرێت.
قوتابخانەی هەرێز: بۆ دەوامکردن گونجاو نییە.
قوتابخانەی سەعی کاکی: دیواری پشتەوەی مەترسیی رووخانی هەیە.
قوتابخانەی تاڤگە: دیوارەکانی مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
قوتابخانەی هێمای کچان: دیواری حەوشەکەی لە هەر ساتێکدا بێت رەنگە بڕووخێت.
قوتابخانەی هەڵگورد: حەوشەی پشتەوەی مەترسیی رووخانی لەسەرە.
دوای ئەوەی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) وێنە و ڤیدیۆی مەترسییەکانی بۆ د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان نارد، وەزیری پەروەردە دەستبەجێ هاتە سەر هێڵ.
د. ئالان حەمەسەعید راستەوخۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە کرد و فەرمانی کرد بەزووترین کات دەرخستەکان بۆ وەزارەت بەرزبکرێنەوە، تاوەکو بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەیان دابین بکرێت و مەترسی لەسەر گیانی قوتابیان نەهێڵدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ