رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، بە پاڵپشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێزەکانمان شانەیەکی "تیرۆریستیی داعش"یان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرزوور هەڵوەشاندەوە.
رۆژی سێشەممە، هەسەدە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی (TOL) سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی وردیان لە شارۆچکەی "زيبان" لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کرد، کە تێیدا "شانەیەکی مەترسیداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان هەڵوەشاندەوە."
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی تەواو لەسەر جووڵە و چالاکییەکانی ئەو شانەیە، هێزەکانمان گەمارۆیەکی تووندی شوێنەکەیان دا و داوای خۆدەستبەردانەوەیان لێکردن، بەڵام ئەندامانی شانەکە دەستیان بە تەقە کرد. ئەمەش بووە هۆی پێکدادان کە لە ئەنجامدا سێ تیرۆریست کوژران و پێنجی دیکەیان دەستگیرکران" کە ئەمانەن:
مازن سريح (ئەبوو وافی)
فادی سەريح (ئەبوو مەئموون)
مەدين السالم
عەلاوی عەبدولڕەحمان (عەلی)
ئەمجەد سەریح (ئەبوو عەلی)
بەپێی راگەیێندراوەکە، "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم شانەیە کارا بوون لە گواستنەوە و دروستکردنی تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو، هەروەها ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلی بومبڕێژکراو، جگە لە پلاندانان بۆ هێرش بۆ سەر خاڵە سەربازییەکان، مەدەنییەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ