رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 11 مانگدا، لیژنەیەک لە بەغدا 19 هەزار و 325 سەگی بەڕەڵڵای بە تفەنگی تاپڕ لەنێوبردووە، دواتر کەلاکەکانیان گواستراونەتەوە بۆ دوو شوێنی تایبەت بە فڕێدانی خۆڵ و خاشاک.
عودەی جەندیل، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لەنێوبردنی ئەو سەگانە لە 1523 هەڵمەتدا بووە کە لە 1ی کانوونی دووەمی 2025 تاوەکو 11ی تشرینی دووەم کراوە.
لەنێوبردنی سەگی بەڕەڵڵا بەگوێرەی یاسای تەندروستیی ئاژەڵە، کە لە رێگەی لیژنەیەکەوە دەکرێت و ئەندامەکانى لە شارەوانیی هەر پارێزگایەک و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکدێت.
عودەی جەندیل رایگەیاند، ئەو سەگانە لەلایەن لیژنەیەکەوە لەنێودەبرێن کە نوێنەرانی ئەمیندارێتیی بەغدا و ڤێترنەری و وەزارەتی ناوخۆی تێدایە؛ ئەمیندارێتیی بەغدا چەکی تاپڕیان بۆ دەکڕێت و کەسێکیش لە وەزارەتی ناوخۆ چەکەکە دەتەقێنێت و نوێنەرێکی ڤێتەرنەریش لەگەڵ لیژنەکە دەبێت.
گوتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا ئاماژەی بەوەدا، لەنێوبردنی ئەو سەگانە بەهۆی ئەوەیە کە شێڵتەر لە بەغدا نییە بۆ کۆکردنەوەیان. گوتیشی، دوای کوشتنی سەگەکان، کەلاکەنیان دەبرێنە دوو شوێنی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ