رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفر و باران و بای بەهێز بەشێک لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2025، کەشناسی پاریزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
شەپۆلەکە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و لوڕستانیش دەگرێتەوە. بەپێی کەشناسی ئیلام، پلەی گەرما لە پارێزگاکە دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پاریزگای سنە رایگەیاند، شەپۆلی بەفر باران و بای بەهێز پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی سنە دەڵێت، لە هەندێک ناوچە تەمومژ دروست دەبێت و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لەو دوو رۆژەدا ئەگەر زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن.
بەپێی کەشناسیی پارێزگای کرماشان لە رۆژی سێشەممە شەپۆلی بەفر و باران بەشێکی زۆری پارێزگاکە دەگرێتەوە و تا کۆتایی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
کەشناسی کرماشان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، گەشت نەکەن و داوا لە شاخەوانان کراوە لەو ماوەیەدا شاخەوانی نەکەن بۆ ئەوەی مەترسییان لەسەر دروست نەبێت.
بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی ئێران، شەپۆلی بەفر و باران پارێزگاکانی ورمێ و لوڕستانیش دەگرێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بەهۆی هاتنی ئەم شەپۆلە، لە هەندێک ناوچە تەمومژ، لافاو و داخرانی رێگەی نێوان شارەکانی لێدەکەوێتەوە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکرێت تا بتوانن لەو دوو رۆژەدا ئەگەر زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن و لە ناوچە کوێستانییەکان کە بەفری زۆریان لێ دەبارێت بە ئۆتۆمبێل گەشت نەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ