رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی هاوکاری بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ کۆتاییهات. بڕیارە هەفتەی داهاتوو لێکۆڵینەوە لە سکاڵای ئەو کەسانە بکرێت کە ناویان لە لیستی هاوکارییەکاندا نەبووە یان کەمیان وەرگرتووە. هاوکات بڕیاریش لەسەر هاوکاریکردنی خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێل و دووکانانە دەدرێت کە زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژی 7ـی 12ـی 2025، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو دروستبوو و، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، لە نێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری زیانێکی زۆری بەرکەوت، زیاتر لە 1000 ماڵ و 12 قوتابخانە زیانیان پێگەیشت.
چارەنووسی قەرەبووی ئۆتۆمبێل و دووکانەکان
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند: "لەگەڵ بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاو، بڕیارماندا رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لێکۆڵینەوە لەو سکاڵایانە بکەین کە هاووڵاتییان پێشکێشیان کردووە. ژمارەیەکی زۆر سکاڵا گەیشتووەتە دەستمان و بەیانی دەخرێنە نێو سیستمەوە تاوەکو ژمارەی وردیان بزانرێت."
سەبارەت بەو زیانانەی بەر کەرتی بازرگانی و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوتووە، عەتا محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "هەر رۆژی یەکشەممە بڕیار لەسەر وادەی هاوکاریکردنی خاوەن ئۆتۆمبێل و دووکانە زیانلێکەوتووەکان دەدرێت."
بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنەکە، لە کۆی 1302 ماڵی زیانلێکەوتوو، تەنیا 38 ماڵ ماون هاوکارییەکانیان وەربگرن. سەرۆکی کۆمیسیۆنی بووژانەوە گوتی: "4 لەو ماڵانە بە ویستی خۆیان هاوکارییەکەیان بەخشیوەتەوە بە کۆمیسیۆن چونکە لە لایەنی دیکەوە قەرەبوو کرابوونەوە، تاوەکو بکرێن بە پڕۆژەی گشتی بۆ چەمچەماڵ. ئەوانەی دیکەش کە مابوون، یان لە دەوام بوون یان لە دەرەوەی وڵات، بۆیە چەکەکانیان ئامادە کراوە و لە بانک دادەنرێت؛ لە رۆژی پێنجشەممەوە دەتوانن بچن چەکەکانیان و پارەکانیان وەربگرن."
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵە، لەبارەی میکانیزمی پێداچوونەوە بە سکاڵاکان گوتی: "تیمەکانمان فۆرمی یەکەم و دووەمی سکاڵاکارەکان بەراورد دەکەن. هەر زیانێک کەوتبێتەوە بێگومان شوێنەواری ماوە و زۆربەی خەڵکیش بەڵگەنامەی زیانەکانیان لایە. ئێمە بەوپەڕی باشییەوە مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکان دەکەین تاوەکو ئەگەر هەمووش نابێت بەشێکی زۆری زیانی خەڵک پڕ بکەینەوە".
ئاماری هاوکارییەکان و زیانەکان
عەلی جاف، نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو لە بۆردی چاودێریی هاوکارییەکان، وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە دوو رۆژی رابردوودا (22 و 23ی کانوونی یەکەم)، 1,231 ماڵ بە بڕی ملیارێک و 823 ملیۆن دینار هاوکاری کراون. ئەم بڕە پارەیە جیاوازە لە هاوکاریی ئۆتۆمبێل و شوێنە بازرگانییەکان."
ئەمڕۆ وریا عەبدولخالق، گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکارییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە کەمترین بڕی هاوکاری بۆ هەر خێزانێک لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و بەپێی قەبارەی زیانەکان تاوەکو چەندین ملیۆن دینار زیاد دەکات.
کۆکردنەوەی 7 ملیار دینار لە هەڵمەتێکی رووداودا
ئەم هاوکارییانە دوای ئەوە دێن کە رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوو بەرنامەی تایبەتدا توانی نزیکەی 7 ملیار دینار بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆبکاتەوە. حاکم ئەحمەد ئەنوەر پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەو پارەیە چووەتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی بە شەفافی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، لافاوەکەی چەمچەماڵ زیانی گەورەی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، کە بریتی بوون لە:
گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی 19ی دیکە.
زیانگەیشتن بە 2,225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل و 215 دووکان.
لەناوچوونی 394 هەزار سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر.
زیانگەیشتن بە 534 پڕۆژەی جیاواز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ