بازاڕی تیکتۆک، ئینستاگرام و سناپچات لە کوردستان؛ پەیج بە دەفتەرێک دۆلار فرۆشراوە

24-01-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن بازاڕی کڕینی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە کوڕ و کچانی گەنج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خوی خۆیان داوەتە کڕین و فرۆشتنی پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. یەکێک لەو گەنجانەی کە لە 2015ـەوە کاری کڕین و فرۆشتنی ئینستاگرام و سناپچات دەکات بە رووداوی راگەیاند، "پەیجی ئینستاگرام هەبووە بە 10 هەزار دۆلار (یەک دەفتەر دۆلار) فرۆشراوە." یەکێکی دیکەش دەڵێت "هونەرمەندی بەنێوبانگ هەبووە پەیجی کڕیوە بۆ کاری بازرگانی بە بەهای دوو هەزار و 500 دۆلار."
 
بازاڕی تیکتۆک فرۆشان لە هەولێر هەیە؟
 
لە چەند رۆژی رابردوودا ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە 'گوایە لە هەولێر بازاڕی تیکتۆک فرۆشان هەیە' و رۆژانە خەڵک لەو بازاڕە کاری کڕین و فرۆشتن بە تیکتۆکەوە دەکەن"، بەڵام رووداو بەدواداچوونی بۆ ئەو ڤیدیۆیە کرد و دەرکەوت کە "چەند کەسێک وەک تەنز بۆ ئەو گەنجانەی کە ئێستا سەرقاڵی ئەوکارەن ئەو ڤیدیۆیەیان دروستکردووە."
 
شارەزا موفتی، کە سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو ڤیدیۆیەی ئێمە سیناریۆ بوو، راستە هیچ بازاڕێک نییە بەناوی تیکتۆک فرۆشان، بەڵام لە راستیدا کۆمەڵێک گەنج لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستانیش ئێستا خوی خۆیان داوەتە ئەو جۆرە کارانە. لە تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پەیج دروست دەکەن و دواتر دەیان ڤیدیۆ و نووکتەی بێ بنەما دروست دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، تەنیا لەبەرئەوەی لایک و کۆمێنت بۆ پەیجەکانیان بێت و دواتر کە پەیجەکانیان لایکی زۆری بۆهات و بەنێوبانگ بوو بیفرۆشنەوە."
 
بەشێک لەو کەسانەی لە ڤیدیۆکەدا قسەدەکەن باسی ئەوە دەکەن، کە چەند پەیجێکیان هەیە و رۆژانە تەنیا ڤیدیۆی کۆمێدی بڵاودەکەنەوە، یەکێکیان دەڵێت "ئەگەر بمانەوێت لایک و کۆمێنت زیادبکەین، قسەی ناشرین دەکەین و جوێن دەدەین و هەڵدەپەڕێن و چەپڵە لێدەدەین. بەوە لایک و پەیجمان بەرزدەبێتەوە و دواتر دەیانفرۆشینەوە."
 
شارەزا موفتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە راستە ئەوان بەمجۆرە لە ڤیدیۆکەدا ئەدا دەکەن "بەڵام لە راستیدا گەنجێکی زۆر سەرقاڵی ئەو کارەن و هەیە قسەی خراپترین لەوە دەکات تەنیا بۆ ئەوەی لایکی پەیجەکەی بەرزبێتەوە و دواتر بیفرۆشێتەوە."
 
تیکتۆک لە مانگی 12ی ساڵی 2016 یەکەم وەشانی خۆی بڵاوکردەوە و بە 40 زمان بەردەستە و لەلایەن کۆمپانیایەکی چینی خاوەندارییەتی دەکرێت و ئێستا نزیکەی 800 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.
 
گەنجێکی هەولێر: پەیج هەبووە بە دوو هەزار و 500 دۆلار فرۆشتوومە
 
سەبوور سەباح تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی هەولێرە، لە تیکتۆکەی ریکلامی بۆ پەیجەکەی کردووە و دەڵێت "37 هەزار فۆڵۆوەری هەیە و لە 100 هەزار دینار کەمتری نادەم." رووداو پەیوەندی پێوەکرد و گوتی "ئەو پەیجەم لە کەسێکی دیکە کڕیوەتەوە بە 70 هەزار دینار، پێشتر کەمتر لە 37 هەزار فۆڵۆوەری هەبوو و ئێستا من بە ڤیدیۆی کۆمیدی ژمارەی فۆڵۆوەرەکانم بەرزکردووەتەوە و دەمەوێت خێری لێبکەم. بۆیە ئەو پەیجەم داوای 100 هەزار دیناری لێدەکەم."
 
ئەو گەنجە کە خۆی لە پاڵ کڕین و فرۆشتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاری دیکەش دەکات و دەشڵێت "من لە 2015ـەوە کاری کڕین و فرۆشتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەم، پێشتر بازاڕمان زۆر باشبوو، بەڵام ئێستا وەکوجاران نەماوە. جاران هەفتەی دوو بۆ پێنج پەیجم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا هەفتەی ئەگەر یەک پەیج بفرۆشم. ئەمەش لەبەرئەوەی ئێستا خەڵکێکی زۆر خوی خۆی داوەتە ئەو کارە و بازاڕی ئێمەیان نەهێشتووە."
 
"پەیجەکانمان بە هونەرمەند، مەیکئەپ ئارتێست و ساڵۆنەکان دەفرۆشینەوە"
 
ئەو گەنجەی هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان زۆر جار خۆیان لەسەرەتاوە پەیجەکان دروستدەکەن و دواتر کە فۆڵۆوەر و لایکیان زیادبوو دەیفرۆشنەوە بە نرخێکی گران. سەبوور دەشڵێت "پێشتر پەیجێکی ئینستاگرامم هەبوو ناوی (فوول عەشایەر) بووە و ماوەیەکی زۆرە فرۆشتوومانەتەوە بە هونەرمەندێکی باشووری کوردستان کە کاری بازرگانی دەکات و ئێستا ناوەکەی گۆڕیوە."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە پەیجەکەی بە چەند بەو هونەرمەندەی کوردستان فرۆشتووە؟  گوتی "پەیجەکەمان ئەوکات 703 هەزار فۆڵۆوەری هەبووە بە دوو هەزار و 800 دۆلار (28) وەرەقە بەو خانمە هونەرمەندە فرۆشتووەتەوە." ئەو گەنجە ناوی ئەو هونەرمەندەی ئاشکرا کرد و گوتی کە "ئێستا کاری بازرگانی" بەو پەیجەوە دەکات. 
 
سەبوور لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، کە ئەگەر بێت و ئەو پەیجانە بەردەوام خێری بۆ بکات لە کارەکەی بەردەوام دەبێت. زۆرترین نرخیش کە تاوەکو ئێستا لە فرۆشتنی پەیجەکان دەستیکەوتووە دوو هەزار و 800 دۆلار بووە. دەشڵێت "ئەو لایک و فۆڵۆوەری پەیجەکان بە گاڵتەکردن و ڤیدیۆی کۆمێدی بەرزدەکەینەوە."
 
"پەیجی ئینستاگرام بە 10 هەزار دۆلار فرۆشراوە"
 
گەنجێکی دیکەی خەڵکی هەولێر کە پێشتر کاری کڕین و فرۆشتنی ئینستاگرام و سناپچات و تیکتۆکی کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو مانگە وازم لەوکارە هێناوە، چونکە زۆر جار پەیجم هەبووە لایک و فۆڵۆوەری زۆری بۆ هاتووە، بەڵام هەندێک کەس تەنیا کاریان بووەتە ریپۆرتدان لە پەیجەکان و پەیجەکانمیان داخستووە. بۆیە ئێستا تاقەتم نەماوە لەوەی کە بەردەوام خۆم ماندوو بکەم و دواتر کەسێک لێم دابخات."
 
"پەیجم بە پزیشکی ئێرانی فرۆشتووە بە دوو هەزار و 500 دۆلار"
 
پەیوەند کامەران دەڵێت: لە 2016ـەوە کاری کڕین و فرۆشتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم دەکرد. بەتایبەت ئینستاگرام. جارێکیان پەیجێکم هەبوو بە 700 دۆلار لە کەسێکی فارس کڕیم، دواتر کردم بە 100 هەزار فۆڵۆوەر و بە دکتۆرێکی ئێرانیم فرۆشت لە سلێمانی بە دوو هەزار و 500 دۆلار (25) وەرەقە. 
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، پەیجە کوردییەکان نرخیان زۆر گرانە، چونکە زۆر کەس بەمەبەستی کاری بازرگانی و ریکلام کردن بۆ دووکان و شوێنی کارکردنیان بەکاریدەهێنن. پەیوەند دەشڵێت "جارێکیان پەیجێکم بە سێ هەزار و 500 دۆلار کڕی (35) وەرەقە کە ئەوکات 700 بۆ 800 هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، دواتر هەر لە رێگەی ڤیدیۆوە فۆڵۆوەرەکانم زیاتکرد بۆ یەک ملیۆن فۆڵۆوەر و فۆرشتوومەتەوە بە کەسایەتییەکی دیاری کوردستان بە 10 هەزار دۆلار (1) دەفتەر دۆلار". 
 
گەنجێکی سلێمانی: لەبەر هەندێک کاری تایبەتی خۆم وازم هێنا
 
رووداو لەگەڵ گەنجێکی سلێمانی قسەی کرد لەبارەی کڕین و فرۆشتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام پێیخۆش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە. هەرچەندە ئەو گوتی کە سێ ساڵە وازی لەوکارە هێناوە، بەڵام "ئێستاش گەنجێکی زۆر خۆیان بەو کارە سەرقاڵ دەکەن و رۆژانە 10 بۆ 15 کاژێر و بە بەردەوامی کار لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و لەڕێگەی پۆست و ڤیدیۆی کۆمێدی و سووکایەتیکردن بە خەڵک لایک و کۆمێنت بۆخۆیان کۆدەکەنەوە."
 
لەبارەی ئەوەی کە گرانترین پەیجی بە چەند فرۆشتووە ئەوکاتەی کە خۆی ئەو کارەی کردووە؟ گوتی "منیش پەیجم هەبووە بە هەشت هەزار دۆلار (80) وەرەقە فرۆشتووە. بەڵام ئێستا بەهۆی هەندێک کاری تایبەتی خۆی و وازی لەو کارانە هێناوە." 
 
سەلمە فاتیح، سەرۆکی لیژنه‌ى رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کڕین و فرۆشتنی ئەکاونت یان پەیجی تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نە بەیاسا باسکراوە و نە پەرلەمانیش هیچ جارێک قسەی لەسەرکراوە، بەڵام " ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی پرۆژە پێشنیازێکی یاساین بۆ کڕین و فرۆشتنی ماڵپەڕە فەرمییەکان، بۆ نموونە کەسێک ماڵپەڕەکەی دەفرۆشێتە دەزگایەک یاخود کۆمپانیایەک ئەوە کۆمەڵێک مەرجی دەبێت بۆ دابنرێت. بڕیارە لە مانگی دوو ئەوە بخرێتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دواتر بڕیاری لەبارەوە بدرێت."
 
"بە 300 دۆلار پەیجێکم کڕی دوای ساڵێک داخرا"
 
گەنجێک لە هەولێر کە پێباش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەیجێکی ئینستاگرام هەبوو 300 هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، لە ئینستاگرام نامەم بۆی ناردووە و لە بازاڕ چووە پەیجەکەی بە 300 دۆلار لێکڕیوە. ئەو گوتوویەتی کە پەیجی دیکەشیان هەبووە کە 1 ملیۆن فۆڵۆوەری هەبوو زۆربەی فۆڵۆوەرەکان فارس بوون داوای هەزار دۆلاری لێکردووە."
 
ئەو گەنجە کوردە دەشڵێت "دوای پەیجەکەم کڕی و پۆستەکانم دیلیت کردن. ناوەکەم گۆڕی و کردمە پەیجێکی ئۆنلاین بۆ کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی. بەڵام رۆژێک لە ناکاو ئەکاونتەکەم دیلیت کرا، نەمزانی هۆکار چی بوو. دواتر قسەم لەگەڵ کۆمپانیای ئینستاگرام کرد و وەڵامیاندامەوە و گوتیان بابەتی خەڵکی دیکەت داناوە کە مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراونەبووە." 
 
ئەوانەی لە فرۆشتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فێڵ دەکەن، لەڕووی یاساییەوە چ سزایەک دەدرێن؟
 
شاخەوان محەممەد، پارێزەر لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک "بەفێڵ" کڕین و فرۆشتن لەگەڵ کەسی بەرامبەر بکات ئەوا دوای سکاڵاکردن ئەو کەسەی کە ئەو کارەی کردووە یان زیندانی دەکرێت یاخود بە پێبژاردن سزا دەدرێت. هەرچەندە لە یاساکەدا باسی ئەوە نەکراوە کە کڕین و فرۆشتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چ سزایەک دەیانگرێتەوە، بەڵام ئەوەش دەچێتە ئەو چوارچێوەیە و بە دڵنیاییەوە سزای خۆی هەیە."
 
تاوانی فێڵکردن: ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی 
 
1. سزا دەدرێت بە بەندکردن، هەر کەسێک هەستا بە تەسلیمکردن یان گواستنەوەی لە ئەستۆبوونی ماڵێکی گواستراوە، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کەسێکی دیکە دەگەڕایەوە بە یەکێک لەم رێگەیانە:
 
- بەکار هێنانی رێگەیەکی فێڵکردن 
- بەکارهێنانی ناوێکی درۆ یان سیفەتێکی درۆ یان راپۆرتێکی ناڕاست کە وەسفی واقعەیەکی ناڕاستی کەسی تۆمەتبار دەکات و دەبێتە هۆی هەڵخەڵەتاندنی کەسی تاوانلێکراو بۆ ئەوەی ماڵەکەی تەسلیم بکات. 
 
2. سزا دەدرێت بە هەمان سزا هەرکەسێک هەستا بەبەکارهێنی ئەو رێگەیانەی لە پێشتر ئاماژەی پێدراوە، کە وا لە کەسی بەرامبەر بکات کە بەڵگەی ماڵی کە هی قەرزە رادەست بکات یان لە ئەستۆبوونی بگوێزێتەوە بۆ ئەو یان مامەڵەکردن بە ماڵەکەوە یان لێخۆشبوون یان لەسەر هەر بەڵگەیەکی دیکە کە خاوەندارێتی پێدەچەسپێت یان هەر مافێکی دیکە، یان بە یەکێک لەو رێگەیانەی سەرەوە وای لە کەسێک کرد واژۆی بۆ بکات لەسەر سەنەدێک یان رەتکردنەوەی یان دەسکاریکردنی ناوەڕۆکەکەی یان لەناو بردنی. 
 
ئینستاگرام لە چ کاتێکدا هەژمارەکانی دادەخات؟
 
لە وەشاندنی نوێیدا، ئینستاگرام مەرجەکانی داخستنی هەژمارەکان دەبەستێتەوە بە رێژەی سەرپێچیکردنی ئەو هەژمارە بەرامبەر بە یاساکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زۆرتین هۆکاری داخستنیش سەرپێچیکردنە لە یاساکان. ئەوەش بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە: بڵاوکردنەوەی وێنەی رووت، بڵاوکردنەوەی رق و تووندووتیژی، گاڵتەپێکردن و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان.
 
ئینستاگرام لە ساڵی 6ی تشرینی یەکەمی 2010 یەکەم وەشانی خۆی بڵاوکردەوە و ئێستا کۆمپانیای فەیسبووک خاوەندارییەتی دەکات. ئێستا مانگانە یەک ملیار بەکارهێنەری هەیە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.