رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر، مین بە مێگەلێکدا تەقیووەتەوە و 15 سەر ئاژەڵ مرداربوون. لە مێرگەپانیش مین شوانێکی بریندار کرد.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە گوندی مێرگەپانی سنووری پارێزگای سلێمانی؛ مین بەهۆی لافاو و بارانی زۆرەوە هاتووەتە خوارەوە و بە شوانێک دا تەقیووەتەوە و بریندار بووە".
بە گوتەی جەبار مستەفا، هەر ئەمڕۆ نزیک کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی سەنگەسەر، دۆڵی شەهیدانی گوندی گرتک، مێگەلێک چووەتە نێو کێڵگەیەکی مین کە بە کێڵگەی مینی باریک ناسراوە؛ بەوهۆیەوە تەقینەوە روویداوە.
لە رووداوەکەدا 15سەر مرداربوون. جەبار مستەفا گوتی، "شوانەکە سەلامەتە و هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە."
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین باسی لەوەش کرد، "ئاگاداری لەو شوێنە هەڵواسراوە کە مینی لێیە، بەڵام دیارە شوانەکە لە مەڕەکانی بێئاگا بووە."
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ساڵی 2003ـەوە زیاتر لە 4500 کیلۆمەتر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە.
تاوەکو ئێستا 2300 کیلۆمەتر لە خاکی عێراق بە مینڕێژکراوی ماوەتەوە، نزیکەی 200 کیلۆمەتری دەکەوێتە سنووری هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ