رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ رووفاتی 41 کەس لە کوردانی ئێزدی لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری شنگال بەخاک بسپێردرێن، کە سەرجەمیان خەڵکی سنوورەکەن.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووفاتەکان دەبرێنە مۆنومێنتی شەهیدانی کوردانی ئێزدی، دوای تەواوکردنی رێوڕەسمە ئاینینییەکان لە چوار گۆڕستانی ناوچەکە دەنێژرێن و رۆژانی 24 و 25 و 26 پرسەیان بۆ دادەنرێت.
لە رێوەڕەسمەکەدا رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە کە لە گۆڕی بەکۆمەڵ دەرهێندراون؛ 20 رووفاتی خەڵکی گوندی کۆجۆن، 16 رووفات خەڵکی گوندی حەردانن، 3 رووفات خەڵکی گوندی قنێ و 2 رووفاتیش خەڵکی کۆمەڵگەی خانەسۆرن.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ 92 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە 55یان هەڵدراونەتەوە و 242 رووفاتیان تێدا بووە.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، لە 3ی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند. حوسێن قائیدی دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 2 هەزار و 600 ئێزدی بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ