رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای کەسوکاری ئەو ژنەی دوێنێ شەو تەرمەکەی لە قەزای کۆیە دۆزرایەوە، دوو کەس کە نەوەی ئەو ژنەن، دەستگیرکراون، لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکەدا نەناوە، بەپێی قسەی پۆلیس "هیچ پارە یان زێڕێک لە ماڵی ئافرەتەکە نەبراوە."
موقەدەم رێبوار فەتاح، لە بنکەی پۆلیسی باواجی لە کۆیە، لەبارەی نوێترین زانیارییەکانی پەیوەست بە رووداوی کوشتنی ژنێک بەناوی گەلاوێژ حەمەدئەمین فەرەج، لەدایکبووی ساڵی 1948، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەسەر داوای کەسوکاری ئەو ئافرەتەی شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە دەرکەوتووە و پێدەچێت کوژرابێت، دوو کەس دەستگیرکراون."
موقەدەم رێبوار فەتاح گوتی "ئەو دوو کەسە بە گومانی دەست هەبوون لە رووداوەکە دەستگیرکراون، بەڵام هێشتا بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بە تاوانبار بناسرێن، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بابەتەکە تەنیا گومانکردنە لێیان، لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا کردوون و رەتیانکردووەتەوە ئەو تاوانەیان کردبێت."
ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون کوڕن و تەمەنی یەکێکیان کەمتر لە 18 ساڵە، ئەوی دیکەشیان لە 18 ساڵ زیاترە، هەردووکیان نەوەی ژنە کوژراوەکەن.
کاژێر نزیک 7ـی شەوی سێشەممەی رابردوو، 23ـی ئەم مانگە پەیوەندیی بە پۆلیسی کۆیەوە کراوە و گەیشتوونەتە ماڵی ئەو ئافرەتە و تەرمەکەیان هەڵگرتووەتەوە، بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ شوێنەواری زیاتر لە 10 چەقۆ بە جەستەیەوە بووە، بەڵام هێشتا هۆکاری رووداوەکە بۆ پۆلیس تەواو روون نییە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە پۆلیسی کۆیە پشتڕاستیکردووەتەوە، ئەو ژنە کە لە گەڕەکی "جەمعییە"، یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی قەزای کۆیە بەتەنیا لە خانوویەک ژیاوە، لە بنەماڵە و خانەوادەیەکی دیاری کۆیە بووە، شەوی پێش دۆزینەوەی تەرمەکەی، واتە دووشەممە 22ـی ئەم مانگە، گەلاوێژ تاوەکو کاژێر 6ـی ئێوارە وەڵامی تەلەفۆنی داوەتەوە و دوای ئەوە هیچ سۆراخێکی نەبووە.
تەرمی گەلاوێژ دوای ئەوەی بەمەبەستی توێکاری برایە هەولێر، لە گۆڕستانێکی قەزای کۆیە بەخاکسپێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ