رووداو دیجیتاڵ
گۆشخانی گوندێکی ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستانە؛ دانیشتووانی گوندەکە ساڵانە لە وەرزی زستاندا، رێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەبەن بەناوی دروستکردنی کەشکەک.
کەشکەک خواردنێکی تایبەتە و لە گۆشت و گەنم و کەشک دروست دەکرێت. کەشکەک دروستکردن هێمایەکی یەکڕیزیی خەڵکی گۆشخانییە؛ تێچووەکەی لەلایەن هەموو خەڵکی گوندەکەوە دابین دەکرێت و ژن و پیاو پێکەوە رێوڕەسمەکە بەڕێوەدەبەن، هەمووان لە ئامادەکردن و دابەشکردنیدا بەشدارن. ئەوانەشی ماڵیان لەو گوندە نەماوە، بۆ رێوڕەسمەکە دەگەڕێنەوە.
هاونیشتمانییان لە ناوچەکانی هەورامان، مەریوان و سەوڵاوا لەو رێوڕەسمەدا بەشداری دەکەن. ئەو خواردنەی ئامادە دەکرێت، ئەوەندە زۆرە، بەشی ئەوە دەکات، هەر کەس بچێت سەتڵێک یان قابڵەمەیەکیش لەگەڵ خۆی بباتەوە.
ئەم ساڵ، ئامادەکارییەکان بۆ ئەم رێوڕەسمە لە بەرەبەیانی پێنجشەممەوە دەستیپێکرد و تاوەکو بەرەبەیانی هەینی بەردەوام بوو.
شەوی پێنجشەممە دوای نانخواردن مەولوودی خوێندرایەوە و نزا کرا بۆئەوەی خەڵک ساڵێکی خۆش و پڕ دەستکەوتیان هەبێت. دواتر گۆرانی گوترا، دەف لێدرا و هەڵپەڕکێ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ