نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە ئێران پەسند دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران بە زیاتر لە 5 هەزار دەخەمڵێنن
هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران بە زیاتر لە 5 هەزار دەخەمڵێنن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی مانگێک لە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکرد و بڕیارنامەیەکی بۆ لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران پەسند کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیارنامەی سەرکۆنەکردنی ئێران و پێویستیی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە پەسندکرا. جگە لە 7 وڵاتی دۆست و نزیکی ئێران، 39 وڵاتی دیکە بە دەنگی "بەڵێ" و "بێلایەن" پشتیوانییان لە بڕیارنامەکە کرد.
 
بەهار سەبا، نوێنەری رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (HRW) لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد: "شایەتحاڵەکان باسی دۆخی شەقامەکان دەکەن کە لە خوێندا نوقم بوون؛ پێیان گوتووین هەر کەسێک لەم رۆژانەدا قسەی لەگەڵ دەکەن، کەسێک دەناسێت کە کوژراوە یان بریندار بووە. ئەم کۆمەڵکوژییانە و وێنە دڵتەزێنەکانی ئەو خێزانانەی لەنێو کیسەی تەرمەکاندا بەدوای ئازیزانیاندا دەگەڕێن، دەبێت ویژدانی جیهان هەژێنێت."
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەشێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتی خۆیانیان خوێندەوە و رەخنەی تووندیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت، بەوەی وەک پێویست هەڵوێستی نەبووە.
 
رەها بەحرەینی، نوێنەری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند: "خەڵک لە ئێران بەدەست شۆکی کۆمەڵکوژییە بێوێنەکانەوە دەناڵێنن. دەسەڵاتداران بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان ئینتەرنێتیان بڕیوە، کەچی لێرە راستییەکان رەتدەکەنەوە. هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و بە شێوەیەکی نایاسایی هەزاران کەسیان کوشتووە و بریندار کردووە."
 
رەها بەحرەینی ئاماژەی بەوەش کرد، قوربانییەکان کە دەسەڵات بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، تەنیا داوای مافی مرۆڤ و دیموکراسییان دەکرد و گوتی: "ئەوان خوێندکار، کرێکار، مامۆستا و کارمەندی تەندروستی بوون کە هیوایان بە ئایندەیەکی گەشتر هەبوو."
 
سەبارەت بە ئاماری قوربانییەکان، رێکخراوەکان ئامارێکی وردی یەکگرتوویان لەبەردەستدا نییە، بەڵام هیچ کامیان ژمارەی کوژراوان بە کەمتر لە 5000 کەس ناخەمڵێنن و هەندێکیشیان پێشبینی دەکەن ژمارەکە بگاتە 25000 کەس.
 
لە بەرامبەردا، حکومەتی ئێران تەنیا دانی بە کوژرانی 3117 کەسدا ناوە. عەلی بەحرەینی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "حکومەتی ئێران بە فەرمی ئامارە پشتڕاستکراوەکانی بڵاوکردووەتەوە؛ کۆی گشتی 3117 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 2427یان بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە کوژراون."
 
کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەسەڵاتی ئێران هەزاران خۆپێشاندەری کوشتووە و داوا لە تاران دەکات دەستبەجێ کۆتایی بە کوشتن و سەرکوتکردن بهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریا خراونەتە ئامادەییەوە.

لە خاڵی سفری سنوورەوە؛ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق خراونەتە ئامادەییەوە

لە خاڵی سفری نێوان عێراق و سووریا، جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکان زیادیکردووە. 6 لیوای حەشدی شەعبی، 3 لیوای پاسەوانی سنوور و 4 لیوای سوپای عێراق خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی سنوورەکان لە هەر دەستدرێژییەکی چەکدارە تووندئاژۆکانی ئەودیو سنوور.