رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو، ئەڵقەی سێیەمی کەمپەینی 'رەنجی رووداو بۆ رۆژئاوای کوردستان' لەنێو ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان دەستیپێکرد، لەگەڵ دەستپێکردندا، هاونیشتمانییان بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد: "بژی کوردستان.. بژی رۆژئاڤا.. بژی کۆبانی.." رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری دیاری کوردستان و تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "ئەمە زیاتر لە کەرنەڤاڵێکی نیشتمانی دەچێت نەک کەمپەین، پێدەچێت ئێرە بووبێت بە ناوەندێک بۆ سازدانەوە و جۆشدانەوەی رووحی نەتەوایەتی لە چوار پارچەی کوردستان."
شەوی سێیەمی کەمپەینەکە، لە کەشێکدا بەڕێوەچوو کە پلەی گەرما 2-3 پلەی سەدی بوو، پێشکێشکار، میوان و هاونیشتمانییان لەبەر ئاگردانێک سەرقاڵی بەرنامە، بەخشین و کۆکردنەوەی هاوکاری بوون بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە ئێستا لەم سەرمایەدا هەوار، نەوت، پێخەف، خۆراک و پێداویستیی سەرەتاییان نییە.
رەوشی رۆژئاوای کوردستان
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، رەنج سەنگاوی، پەیامێکی دەنگیی بۆ دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو لە حەسەکە نارد و پرسیاری رەوشی ئەو شارەی لێکرد.
دڵنیا لە وەڵامدا گوتی: "من کە سەردانی شوێنی ئاوارەکان دەکەم، دەبینم کارەساتەکە چەند گەورەیە. ئەمڕۆ چوومەتە قوتابخانەیەک کە 33 ماڵباتی تێدا بووە و دەیانگوت، چوارەم و پێنجەمجارە ئاوارە دەبن."
دڵنیا رەحمان دەڵێت: "خەڵکم نەدیوە هێندەی ئەمانە ورەیان بەرزبێت، پیرەژنێکم بینی بەو سەرمایە لەسەر زەوی دانیشتبوو، لێم پرسی چیت دەوێ؟ گوتی: عەفرینەکەی خۆمم دەوێتەوە."
نێردراوی رووداو باسی رەوشی ئاوارەکانی کرد و گوتی: "هیچیان نییە، زیاتر لە 10 دایکم بینی کە منداڵی ساوایان هەیە و نان نەبوو بیخۆن، شیریان نەبوو بۆ منداڵەکانیان، بەفر کۆدەکەنەوە و دەیتوێننەوە بۆ ئاوی خواردنەوە. بۆیە بە زووترین کات هاوکارییەکان بنێرن بۆ ئەوەی کارەساتی گەورەتر روونەدا."
"ئەم هاوکارییە گەورەترین عیبادەتە"
د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بۆ سێیەم شەوی لەسەر یەک، میوانێکی سەرەکیی کەمپەینی رەنجی رووداو بوو.
د. عەبدوڵڵا، پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: "دەستتان دەگوشم، سەری کوردستانتان بەرزکردەوە و سەری ناحەزانتان شۆڕکرد، کورستانییان سەلماندیان کوردستان یەک پارچەیە."
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر خۆمان نەبین، خەڵک بە هانامان نایەت، رۆژی وەلانانی کێشەکان و چارەکردنی برینەکانی رۆژئاوای کوردستانە، بۆ بەرگریکردن لە بوونی خۆمان، ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە پشتگیریی بکەین لە رۆژئاوای کوردستان."
لەبارەی پاداشتی ئەم هاوکارییەش لە رووی ئاینییەوە، د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی گوتی: "ئەم هاوکارییە، گەورەترین عیبادەت و خواپەرستییە، دڵنیابن لەوە کە عیبادەت و خواپەرستییە."
"بە موسڵمان و عەلمانییەوە بەشداری کەمپەینەکە بکەین"
مەلا موزەفەر زیاد، مامۆستای ئایینی یەکێکی دیکەبوو لە میوانەکانی ئەم کەمپەینەی رووداو. بەر لەوەی قسە بکات، رەنج سەنگاوی سوپاسی کرد کە سەرەڕای ئەوەی میوانە، هاوکارییەکی زۆریشی هێناوە.
مەلا موزەفەر گوتی: "کە ئەو خەڵکە دڵسۆزە دەبینیت، ورەت بەرز دەبێتەوە، بە خەڵک دەڵێم بە گەورە و بچووکمان کە بەرگری دەکەن لە کوردستان، هەر کەسێک کە دێتە ئێرە و نێو گردبوونەوەکان، ژمارەی کوردی پێ زیاد دەبێ و چاوی دووژمنی پێ کوێر دەبێت."
بە گوتەی ئەو مامۆستا ئایینییە، "گرنگە هەموومان بە هەموو هێز و توانامانەوە بە موسڵمان و عەلمانییەوە بەشداربین، چونکە پرسەکە نەتەوەییە، ئەگەر رۆژئاوا بشکێت، هەموومان لەنێودەچین."
بە گریانەوە "تەمەننام دەکرد بمردبام و ئەوەم نەدیتبا"
مەلا موزەفەر بە چاوی گریانەوە گوتی: "کە هەواڵی مردنی چوار منداڵم بیست لەبەر سەرما [لە رۆژئاوای کوردستان]، تەمەننام کرد بمردبام نەک ئەوەم دیتبا بە بەرچاوی جیهانەوە ئاوا لە منداڵی کورد بێت. وەڵڵاهی هەموو وڵاتانی ئیسلامی لەبەر دەرگای خوا و لە رۆژی قیامەت شەرمەزار دەبن لەبەر بێهەڵوێستییان، خوا یەک بە یەک محاسبەمان دەکات."
مامۆستا موزەفەر، سەرەڕای ئەوەی توانای مادیی سنووردارە، بەڵام 400 پارچە جلوبەرگ، 200 کیسە برنج، 60 قوتوو شیر، 300 قوتووی خۆراک و 70 بەتانی پێشکێشی کەمپەینەکە کرد. "بۆ ئەوەی بە دووژمنان بڵێین، ناهێڵین خوشک و برایانمان برسی و نەدار بن."
منداڵێکی حەوت ساڵان: قژم کرد بە کەزی و یارییەکانم هێناوە بە دیاری
منداڵێکی حەوت ساڵان بە پۆشاکی سەربازییەوە هاتبوو، رەنج سەنگاوی وەکو رێز سڵاوێکی پێشمەرگانە (سەربازی) لێکرد و ئەویش بە هەمانشێوە وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە. منداڵەکە گوتی: "پرچم کردووەتە کەزی و خواردن و شتیشتمان بۆ منداڵانی رۆژئاوای کوردستان هێناوە، هەر بژی کورد و کوردستان."
منداڵێکی نابینا: "هەندەک گەمە و کراو و دەستکێشم هینایە"
منداڵێکی نابینا کە تەمەنی نزیکەی 9 ساڵان بوو، هاتە بەردەمی مایکی رووداو و رەنج سەنگاوی بانگی کرد و سەری ماچکرد و گوتی: "بەخێرهاتی قوربانت بم." منداڵەکەش گوتی: "سەلاموعەلەیکوم، ئەمن هەندەک گەمە، کراو و دەستكێش و ئەوانەم هینایە لۆ منداڵانی رۆژئاوای کوردستان. هەربژی کوردستان."
کۆگەکان زیاد دەکرێن و پڕ دەبن
بەهۆی زۆریی هاوکارییەکانەوە، تۆڕی میدیایی رووداو ئەمڕۆ کۆگەی دیکەی کردەوە، بەڵام هەر زوو کۆگەکان پڕبوون لە هاوکاری.
تەنیا دانیشتووانی گوندی لاجان، 500 بەتانی، 100 دەستە دایبی، 600 سەبەتەی خۆراک، 20 کارتۆن زەیت، یەک تۆن ساوار، یەک تۆن برنج و 500 قوتووی ئاوە تەماتەیان وەکو هاوکاری پێشکێشی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کرد.
دلبخوین دارا پەیامی رۆژئاوای کوردستانی گەیاندە رەنج
بەهۆی زۆر بەدەمەوەهاتنی هاونیشتمانییان و گەیاندنی پەیامی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، پێشکێشکاری دیاری کوردستان، دلبخوین دارا، چووە نێو کەمپەینەکە و گوتی: "کە لە رێگەوە دەهاتم، زانیم کارەبای کۆبانی بڕاوە، بەڵام خەڵکی شارەکە بە پەیوەندیی پێیان دەگوتم سڵاو لە رەنج سەنگاوی بکە، بۆ هەموو ئەوانەی هاوکارییان ناردووە، ئەمە سڵاوی رۆژئاوای کوردستانە."
دڵبخوێن گوتی: "رەوشی خەڵکی ئێمە زۆر خراپە، کۆبانی گەمارۆ دراوە، ئاو، کارەبا، شیر، خواردن و خواردنەوە نییە، تاوەکو ئێستا 5 منداڵ لەبەر سەرما و نەبوونی مردوون."
هاونیشتمانییەک لە فینلان 5 هەزار دۆلاری بەخشی
حەکیم تاهیر رواندزی، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی فینلاندە و لەو وڵاتە هاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆکردووەتەوە.
حەکیم تاهیر بە رەنج سەنگاوی و دڵبخوین دارای گوت: "بە ئەرکێکی گەورەی نیشتمانی هەڵساون، دەستتان خۆشبێت. من وەکو حەکیم و مەعازی برام، 50 وەرەقە دەبەخشینە کوردانی رۆژئاوای کوردستان."
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی: "پێویستە حیزب و سەرکردەکان بیربکەنەوە و بە پیر ئەم گەلە مەزنەوە بێن، دڵنیام ئاواتی هەموو گەلی کورد ژیانێکی ئازادانەیە، داوا لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم کە گەڕایەوە، حیزبەکان کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ناوماڵی کورد یەکبخرێت."
"بەخوا ژانیان زۆر لە دڵمانایە"
ژنێک لە سلێمانی کە هاوکاری بۆ کەمپەینەکەی رەنج هێنا، بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە قسەی کرد و بە کوردانی رۆژئاوای کوردستانی گوت: "تاوەکو دەتوانن خۆڕاگربن، بۆ خاتری قورئانی عەزیم خوا یارمەتییان بات. بەخوا ژانیان زۆر لە دڵمانایە."
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لێی پرسی بۆچی وا دڵت پڕبووە؟ ئەو خانمە بەدەم گریانەوە گوتی: "چووزانم، ئەوەی کە ئەیانبینم بە دیار نانەڕەقێکەوە دانیشتوون، ئەو کوشتن و شەهیدبوونەیان، زۆر دڵم تەنگە پێیان، زۆر گوناحن بەخوا."
ئەو کۆمپانیا و کەسایەتییانەی کە لە شەوی سێیەمی کەمپەینەکەدا هاوکارییان نارد:
-کۆمپانیای خەجێ خانم، دوو هەزار کارتۆن نانی تیری
- هاونیشتمانییەک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، 200 سەبەتەی خۆراک
- سەرمایەدارێک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، 100 هەزار دۆلار
- سەرمایەدارێک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، یەک بارهەڵگر شیری منداڵ
- دەستەی پارێزەرانی هۆزی خەیلانی، 300 سەبەتە خواردن
- کۆمپانیای نوورەدین محەممەدئەمین، پێداویستی پزیشکی
- کۆمپانیای 'بۆبۆتۆ و وەن' لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان 3 هەزار و 700 کارتۆن کێک و پسکیت
- گرووپی کۆمپانیاکانی دایک، 60 کارتۆن شیری منداڵان و 350 قاتی منداڵان
- گوندی جمکە
- سەید زەمان زراری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە هاوکاری محەممەد قادر خۆشناو بایی 31 ملیۆن دینار دەرمان
- کوردانی کەنەدا، 8 هەزار دۆلار
- کۆمپانیای ئێم سەنتەر، 10 هەزار سەبەتە خۆراک
- کۆمپانیای بەمۆ، 13 تۆن برنج و 250 کارتۆن شیری منداڵان
- کۆمپانیای قەیسەرهۆم، 450 سەبەتە خۆراک
- دوو هاونیشتمانی لە سوێد، دوو تۆن خۆراک
- رەنج حاجی سەلام، بارهەڵگرێک بەتانی
- کۆمپانیای کەلەرز گەیت، 1000 کارتۆن خۆراک
- ئەریڤا کەریم غەفوور، 1000 کارتۆن خۆراک
- خێرخوازێک، 100 هەزار
- خێرخوازێک، 100 ملیۆن دینار
- دووکاندارێک لە سلێمانی، ژمارەیەک جلوبەرگ
- کۆمپانیای ئاسۆ لە هەولێر، هەزار بەتانی
- کۆمپانیای برنجی کۆبانی، 5 هەزار و 600 کیسە برنج
- گرووپی کۆمپانیاکانی عەلی مەحموود عەلی، 450 سەبەتەی خۆراک
- کارگەی گرووپی بایک، 2000 سێت جلوبەرگ و پێداویستیی منداڵان
- کۆمپانیای کەیوەن، 200 سەبەتەی خۆراک و پێداویستیی ناوماڵ
- گرووپی کۆمپانیاکانی دیار بەکر، بارهەڵگرێک خواردنی قووتووبەند
- هاونیشتمانییەک، 200 قاتی منداڵان
- کاکەییەکان بڕی 4 ملیۆن دینار و ژمارەیەک کەلوپەلی نێوماڵ
- میران گرووپ، هەزار و 460 مەتر رایەخ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ