دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کۆبانێ نزیکن لەوەی بگەنە ئەنجام

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

10 رۆژە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان لە چوار لاوە گەمارۆ دراوە و رێگە نەدراوە هیچ رێکخراوێکی مرۆیی هاوکاریی بگەیێنێتە شارەکە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێ، هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو شارەی رۆژئاوای کوردستان چڕ کردوونەتەوە.
 
شاری کۆبانێ سێ لای لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە، لایەکی دیکەی شارەکەش هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا و ئەو وڵاتە رێگە بە هاتووچۆ بۆ شارەکە نادات.
 
بەگوتەی چالاکڤانەکانی شارەکە بۆ رووداو، لە 15ـی ئەم مانگەوە کارەبا و ئاویان لێ بڕاوە، هەروەها رۆژ بە رۆژ سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان لە شارەکە کەم دەبنەوە و بەشێکیان هەر دەستناکەون.
 
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی کە هاوکارییان لە هەرێمی کوردستانەوە گەیاندووەتە قامشلۆ و ناوچە ئارامەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت: "بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی هاوکای بە کۆبانێ".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە هەموو دەروازەکانەوە و لە ئاستی باڵای پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵەتە بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کۆبانێ و رزگارکردنی لە کارەساتی مرۆیی.
 
ئەمڕۆ شەممە 24-1-2026، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەوڵەکان چەند رۆژێکە بەردەوامن و بە تەواوی لە هەواڵی خۆش و وەرگرتنی مۆڵەت بۆ گەیاندنی هاوکاری نزیکبووینەتەوە".
 
بەگوتەی موسا ئەحمەد، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای بردنی هاوکاری بۆیان، "بە زووترین کات هاوکاری دەگەیێنینە کۆبانێ".
 
دۆخی کۆبانێ بەجۆرێکە، بە گوتەی هاوسەرۆکی مانگی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، چوار منداڵ بەهۆکاری سەرما گیانیان لەدەستداوە.
 
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی گەمارۆی سەر کۆبانێ و نەبوونی سووتەمەنی، چوار منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە".
 
سێشەممە 20-01-2026، ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەت دیمەشق بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا و بەگوێرەی ئەو بڕیارە بێ، کاژێر 08:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگربەست کۆتایی دێت ئەگەر درێژ نەکرێتەوە.
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەمڕۆ رایگەیاند: "ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکان بەردی بناخەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەمە".
 
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، شەپۆلێکی گەورەی کۆچی بە کۆمەڵ لە گوند و شارۆچکەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە روویداوە و هەمووان چاوەڕوانی گەڕانەوەن.
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باسی لەوەشکرد، بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە پرۆسەی خوێندن لە سنوورەکەیان پەکی کەوتووە. گوتیشی: "بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە