رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکاوە لەگەڵ ئێران، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هەرێمی کوردستان بە 245 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا ئەمڕۆ چوارشەممە بە 17 درۆن هەرێمی كوردستان هێرشی کراوەتە سەر.
سنووری پارێزگای هەولێر بە 205 درۆن و مووشەک، سلێمانی بە 34 درۆن و مووشەک، دهۆک چوار درۆن و هەڵەبجەش بە دوو درۆن هێرشی کراوەتەسەر.
لە هێرشەکاندا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 کەسیش بریندار بوون.
زۆرترین هێرش بۆ سەر هەولێر بووە
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 205 هێرشی درۆن و مووشەک کراونەتە سەر شوێنە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر و زۆربەیان شارەکەیان کردووەتە ئامانج.
هێرشەکانی سلێمانی کەمتر بوون و لە 03ـی ئادارەوە بە 34 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر. دوایین هێرشی درۆنیش ئەمڕۆ گوندی زڕگوێزەڵەی لە پارێزگاکە كردە ئامانج، لە ئەنجامیدا پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە گیانی لەدەستدا و دووانی دیكەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارەکان، سێ هێرش بە چوار درۆن کراونەتە سەر پارێزگای دهۆک. لە یەکێک لە هێرشەکاندا شەوی 05ـی ئادار، کێڵگەی نەوتی سەرسنگ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە راگیرا.
لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە. 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە هێرشی کرایەسەر. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە بۆسەر تاوەرەکانی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی پەیوەندی بوو.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون یان درۆن و مووشەکیان لێ کەوتووەتە خوارەوە
پارێزگای هەولێر: درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ
پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.
پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ
لە ئەنجامی هێرشەكان پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە؛ چوار پێشمەرگەی دوو حیزبی رۆژهەڵات و یەك ئاسایش لە فڕۆكەخانەی هەولێر.
هەر بەهۆی هێرشەكانەوە 23 كەس برینداربوون، 11 یان لە هێزە ئەمنییەكان، پاسەوانانی تایبەت و خەڵكی سڤیل بوون، 12 یان پێشمەرگەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون.
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەستیان پێکرد.
زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێران کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ