سۆران دیجیتاڵ
زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی لەم مانگەدا ئاوارەی شاری عەفرین و دەوروبەری بوون. بەرپرسێکی کورد لە سنوورەکە دەڵێ، زۆرینەی ئاوارەکان جێگەیان بۆ دابینکراوە، بەڵام پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، ئەمڕۆ شەممە، 24-1-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەکاتی هێرشی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب 150 هەزار کورد ئاوارەی عەفرین و دەوروبەری بوون، بەڵام نزیکەی 100 هەزاریان گەڕانەوە شوێنی خۆیان".
لە 06-01-2026دا سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب دەستپێکرد و دواتر ئۆپەراسیۆنەکە درێژ بووەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و لە ئەنجامدا دەیان هەزار کورد ئاوارە بوون.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی: "دوای هێرشەکانی حەلەب، نزیکەی 150 خێزانی دیکە لە تەبقاوە ئاوارەی عەفرین و دەوروبەری بوون".
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، رێکخراوی ئاشتی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین هاوکاری ئاوارەکانیان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد چیمان لە دەستهاتبێت کردوومانە. ئیدارەی خۆجێیی عەفرینیش هاوکار بووە، بەتایبەت بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب".
بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی گەڕاونەتەوە، زۆرینەیان لە ماڵی کەسوکاریان جێگەیان کراوەتەوە و دەزگای خێرخوازی بارزانیش شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ ژمارەیەک خێزان دابینکردووە. هێشتاش لەو خێزانانە هەن کە عەرەبی هاوردە ماڵەکانیان داگیرکردوون و بۆیان چۆڵ نەکردوون".
لە عەفرین ئاوارەکان پێویستییان بە هاوکارییە مرۆییەکانە، بەڵام وەکو ئەحمەد حەسەن ئاماژە بۆ دەکات: "ئێستا کۆبانێ بە تەواوی گەمارۆدراوە و پێویستیی بەپەلەی بە هاوکاریی هەیە و هیچ رێکخراوێکیش نەیانتوانیوە بگاتە ئەو شارە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ