رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی وتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، خەڵاتی شیفا گەردی دەدرێتە رۆژنامەڤانێک سەختییەكی زۆری كێشابێت لەپێناو گواستنەوەیەكی سەركەوتووانەی زانیارییەكان بەشێوەیەكی مەیدانی.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو پیرۆزبایی لە رۆژنامەڤانەکە دەکات و دەڵێت "ئەو رۆژنامەڤانەی ئەمساڵ لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردییەوە وەك براوەی خەڵاتی شیفا گەردی دیاریكراوە، بەهۆی كاری سەختی لەپێناو گواستنەوەی زانیارییەكان لە شوێنەكانی جەنگ و ململانێ بووە. شایانی ئەو خەڵاتەیە و پیرۆزبایی لێدەكەین".
دەقی وتارەکەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو:
ئێوارەتان باش..
میوانە بەڕێزەكان .. رۆژنامەڤانانی خۆشەویست
بەناوی تۆڕی میدیایی رووداو و بۆردی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردییەوە بەخێرهاتنتان دەكەین بۆ رێوەڕەسمی بەخشینی دووەمین خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی. خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان.
بەخێرهاتنی جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و سەرۆكی یونامی دەكەین. بەڕێزیان كەسێكی زۆر خۆشەویستە لەلای خەڵكی كوردستان و عێراق بەهۆی هەڵوێستە ئازایەكانی لە بەرگریكردن لە خۆپیشاندەران و رۆژنامەڤانان لە عێراق و، بەهۆی هەڵوێست وەرگرتنی بەردەوامی بۆ شەرمەزاركردنی ئەو هێرش و كوشتن و رفاندنانەی لە دژی خۆپیشاندەرانی عێراق ئەنجامدراون. زۆرمایەی دڵخۆشیمانە كە ئەمساڵ بەڕێزیان قسەكەری سەرەكی رێوڕەسمی بەخشینی دووەمین خەڵاتی شیفا گەردییە و لێرە لە گەڵمانە.
ئامادەبووانی بەڕێز..
شەڕی داعش، زۆر سەخت و خوێناوی بوو بۆ رۆژنامەڤانان. بەپێی ئاماری رێكخراوە جیهانییەكان 91 رۆژنامەڤان لەكاتی رووماڵكردنی شەڕی داعشدا گیانیان لەدەستدا لە عێراق و سووریا. بەڵام لە راستیدا ئاماری رێكخراوە ناوچەییەكان ئاماژە بە شەهیدبوونی زیاتر لە 100 رۆژنامەڤان دەكەن. بەداخەوە تائێستا پێنج رۆژنامەڤانیش لە شەڕی داعشدا بێسەروشوێنن، یەكێكیان فەرهاد حەمۆی پەیامنێری رووداوە، كە لە 15/12/2014 لەسەر رێگەی قامشلۆ – حەلەب لەلایەن داعشەوە دەستگیركرا.
دوای شەهیدبوونی شیفا گەردی لە 25ـی شوباتی 2017دا لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی بەرنامەكەی لەسەر یەكێك لە كۆمەڵكوژییەكانی داعش لە شاری موسڵ، ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی تۆڕی میدیایی رووداو بڕیاریدا بە دانانی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی بە هاوكاری لەگەڵ چەند رۆژنامەڤانێك لە جیهاندا، وەك وەفادارییەك بۆ كاری شیفا گەردی و رێزگرتن لە كاری هەموو ئەو رۆژنامەڤانانەی بوونە قوربانی لەپێناو ئاشكراكردنی تاوانەكانی داعش. ئەو خەڵاتە ساڵانە دەدرێتە رۆژنامەڤانێك كە سەختییەكی زۆری كێشابێت لەپێناو گواستنەوەیەكی سەركەوتووانەی زانیارییەكان بەشێوەیەكی مەیدانی.
ئەو رۆژنامەڤانەی ئەمساڵ لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردییەوە وەك براوەی خەڵاتی شیفا گەردی دیاریكراوە، بەڕاستی بەهۆی كاری سەختی لەپێناو گواستنەوەی زانیارییەكان لە شوێنەكانی جەنگ و ململانێ، بەهۆی كاری بنكۆڵكاری بۆ نیشاندانی راستییەكان لە دەزگایەكی گەورەی میدیایی جیهاندا و، بەهۆی كاركردنی بەبێدەنگی بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان، شایانی ئەو خەڵاتەیە و پیرۆزبایی لێدەكەین.
بەڕێزان..
هەرچەندە ساڵی رابردوو بە بەراورد لەگەڵ 16 ساڵی پێشووتر، ساڵێك بوو كەمتر رۆژنامەڤان تێیدا گیانیان لەدەستدا، بەڵام ژمارەكە هێشتا یەكجار زۆرە، چونكە 49 رۆژنامەڤان لەساڵی رابردوودا كوژراون و 389 رۆژنامەڤان لەسەر كاری رۆژنامەڤانی گیراون و، ئێستا 250 رۆژنامەڤان لەسەر كاری رۆژنامەڤانی لە زیندانەكانی وڵاتانی جیهاندان. بەداخەوە لەو جیهانە فراوانەدا تەنیا 8%ی شوێنێكی ئارام و سەقامگیر و بێ رێگرییە بۆ كاری رۆژنامەڤانی. ئەوەش ئاماژە و هەڕەشەیەكی زۆر مەترسیدارە بۆ ئازادی لە جیهاندا.
هەمیشە بەرهەمی ئازادی كاری رۆژنامەڤانی، كەمكردنەوەی گەندەڵی و زۆرداری و نادادپەروەرییە. هەمیشە بەرهەمی ئازادی كاری رۆژنامەڤانی بەڕێوەبردنێكی باشە. لەبەرئەوەش رۆژنامەڤانی كارێكی زۆر بەرزی مرۆڤایەتییە و هەر لەبەرئەوەش بەردەوام رۆژنامەڤانە ئازا و راستگۆییەكان خۆشەویستی خەڵكن. بەڵام بەداخەوە هێشتا رێگرییەكان زۆرن لەبەردەم كاری رۆژنامەڤانیدا.
پێشكەوتنی تەكنەلۆژی سوودێكی زۆری بە فراوانبوون و كاریگەرتربوونی كاری رۆژنامەڤانی گەیاندووە، لە هەمانكاتدا رووبەری ئازادی دەربڕینی فراوانكردووە. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یەكەمجار لە نیسانی 1991 بڕیارێكی بۆ پاراستنی كورد دەركرد. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دەركردنی ئەو بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بەهۆی ئەو گواستنەوە فراوانەی كۆڕەوی خەڵكی كوردستان بوو لەلایەن دەزگا میدیاییە جیهانییەكانەوە. ئەوە بۆ خەڵكی ئەو ناوچەیە سەرەتای بینینی كاریگەری دەركەوتنی ئازارەكانیان بوو لە راگەیاندنی جیهانیدا.
ئامادەبووانی بەڕێز ...
ئێمە ئەمڕۆ كە ئەو رێوڕەسمە دەگێڕین، كەسوكاری هەموو شەهیدان و قوربانیانی شەڕی داعش بیر لە ئازایەتی و قوربانییەكانی كەسوكاریان دەكەنەوە. لێرەدا رێز لە هەموو ئەو شەهیدانە و فیداكاری هەموو ئەو هێزانە دەگرین كە بەشداربوون لە
تێشكشكاندنی داعش دا.
گەلی كوردستان لەكاتی شەڕی داعشدا زۆر قوربانیدا، بەڵام رۆڵی سەرەكیشی گێڕا لە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی داعش و رۆڵی سەرەكی گێڕا لە تێكشكاندنی داعش و كەمكردنەوەی مەترسیییەكەی لە ناوچەكە و جیهاندا. دڕندایەتی داعش بەرامبەر گەلی كوردستان بێسنووربوو، كۆمەڵكوژییەكانی لە كوردستان و رفاندنی هەزران كوردی ئێزدی، نیشاندەرێكی ئاشكرای بەشێكی ئەو دووژمنایەتییە بە پلانەی داعش بوون بەرامبەر گەلی كوردستان. بەڵام رۆڵی پێشمەرگە بە فەرماندەیی مەیدانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە مەسعود بارزانی و هاوكاری هێزی هاوپەیمانان، رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە راگرتن وتێكشكاندنی هێرشی داعش لە هەرێمی كوردستان و كۆبانێ. بە تێكشاندنی داعش لە شنگال و كۆبانێ سەرەتای تێكشكشاندنی داعش لە موسڵ و شوێنەكانی دیكەی عێراق و سووریا دەستیپێكرد، هەروەها هێزەكانی سووریای دیموكرات رۆڵی سەرەكیان گێڕا بە هاوكاری هێزی هاوپەیمانان لە تێكشكاندنی داعش لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا. بەهەمانشێوە هێزە عێراقییەكانیش لە عێڕاقدا.
رۆژنامەڤانان رۆڵێكی ئازایانەیان گێڕا لە نیشاندانی تاوانەكانی داعش و ئازایەتی هێزەكان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دا. ئێمە لە تۆڕی میدیایی رووداو، وەك هەمیشە بەهەموو توانای خۆمان هەوڵدەدەین بۆ درێژەدان بە كاری شیفا گەردی و هەموو هاوكارەكانمان، باوەڕمان بە پیرۆزیی كارەكەمان زۆر بەهێزە.
ئامادەبوونی ئێوە لەو رێوڕەسمەدا رێزگرتنە لە گیانی پاكی هەموو ئەو رۆژنامەڤانانەی ئازایەتیان نواند لە گواستنەوەی زانیارییەكان و گیانی خۆیان كردە قوربانی لەپێناو گواستنەوەی راستییەكاندا.
بەخێربێن.
ئاکۆ محەممەد: ئەو رۆژنامەڤانەی ئەمساڵ لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردییەوە وەك براوەی خەڵاتی شیفا گەردی دیاریكراوە، بەهۆی كاری سەختی لەپێناو گواستنەوەی زانیارییەكان لە شوێنەكانی جەنگ و ململانێ بووە. شایانی ئەو خەڵاتەیە و پیرۆزبایی لێدەكەین.#ShifaGardiAward pic.twitter.com/TdbLMYFx9u
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 22, 2020
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ