کەشناسێک: رەشەبایەکی سارد بەشێکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

24-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت و لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان نمەباران دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، رەشەبایەکی سارد بەشێکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و رۆژی چوارشەممەش لە سلێمانی ئەگەری بەفربارین هەیە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەکشەممە 25ـی شوباتەوە، ئەمڕۆ کەشناسی رایگەیاند، ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەور دەبێت؛ "ئێوارەکەی لە هەندێک ناوچەدا نمەباران دەبارێت و خێرایی با چالاک دەبێت. لە ناوچەکانی سلێمانی، گەرمیان و کەرکووک بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ دەبێت".
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمشەوەوە شەپۆلێکی رەشەبای سارد کە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە کاریگەریی لەسەر بەشێکی هەرێمی کوردستانیش دەبێت و وشکەسەرما دروست دەکات".
 
ئاراس جەبار گوتی، ئەو رەشەبا ساردە لە سنووری سلێمانی، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و کاریگەری زیاتری دەبێت و خێراییەکەی 20 بۆ 40 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا. گوتیشی، "لە سەنتەری شارەکانی هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیانیش کاریگەری رەشەبا و وشکە سەرما لاواز دەبێت".
 
ئەو کەشناسە گوتی، رۆژی سێشەممە کاریگەری رەشەبا و وشکە سەرما نامێنێت. ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنیا رۆژی چوارشەممە ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری سلێمانی هەیە و شەوی هەمان رۆژیش کۆتایی دێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای ئەمڕۆ و سبەی نزیک دەبێتەوە لە پلەی دوێنێ.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر؛ 17 پلەی سیلیزی 
سلێمانی؛ 15 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 16 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 19 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 17 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 11 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 22 پلەی سیلیزی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە