رووداو دیجیتاڵ
لەدوای نزیکەی دوو مانگ لە بایکۆت، بەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانی دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردەوە. قوتابییەکان دڵخۆشن بە گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە و دەستپێکردنەوەی خوێندن. پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، لە 50٪ـی قوتابخانەکان دەوام دەستی پێکردووەتەوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، پۆلی دووەمی قوتابخانەی ئاوبارەیە لە سلێمانی، پاش نزیکەی دوو مانگ لە بایکۆت دەستیان بەخوێندنی وانەکانیان کردووەتەوە. قوتابییەکان دڵخۆشن بە خوێندنی وانەکانیان.
نزیکەی 60 مامۆستا لە قوتابخانەکە هەن، بەتەواوی دەستیان بە گوتنەوەی وانەکانیان کردووەتەوە، رۆژانە شەش وانە دەخوێنن.
مینا کۆسرەت، قوتابییە و دەڵێت: "حەزدەکەم دەوام هەبێت لەبەرئەوەی لە قوتابخانە هاوڕێ و مامۆستاکانم ئەبینم، نووسین و خوێندنەوەی پیتەکان فێردەبین."
مەئوە مەهدی، قوتابییەکی دیکەیەوە و دەڵێت: "ماوەیەکی زۆربوو بایکۆتبوو، گەڕاوینەتەوە بۆ قوتابخانەوە و ئاسایی وانەکان دەخوێنین و زۆر دڵخۆشین."
قوتابخانەی ئامێدی لەکۆی 28 مامۆستا تەنیا 11 مامۆستا بە بەڕێوەبەر و ئیدارەوە دەوام دەکەن.
ئەوین بەختیار قوتابی باس لەوە دەکات، "تەنیا مامۆستای پۆلی نۆ هاتوونەتەوە، مامۆستاکانی پۆلی حەوت و هەشت نەهاتوونەتەوە. بۆیە ئێمەش چوار کاژێر لێرە دەمێنینەوە و دەڕۆینەوە."
محەممەد مەحموود قوتابی دەڵێت: "لەدەوری زۆپاکە دادەنیشین و قسەی خۆشدەکەین." ئارۆ ئیبراهیم، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێت: "کەم کەم شەڕ دروستدەبێت." سەهەند ئازادیش قوتابییە و دەڵێت: "داوا لە مامۆستاکان دەکەین بگەڕێنەوە قوتابخانە و وانەکان بخوێنین."
بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە دەڵێت، هەفتەیەکە لەسەر داوای بەڕێوەبەری پەروەردە داوایان لە مامۆستایان کردووە بگەڕێنەوە، بەڵام بەشێکیان ئامادەنین.
جەلال کەریم، بەڕێوەبەری قوتابخانە دەڵێت: "ئەوەی لەسەرمانە داوامان لە مامۆستاکان کردووە بگەڕێنەوە بۆ دەوام، دواتریش ئەوەی لەسەرمان ئەرکە ناوی مامۆستا هاتوو و نەهاتووەکان تۆماربکەین."
وەرزی دووەمی خوێندن نزیکەی مانگێکی بایکۆت بووە و مانگ و نیوێک دەوامی ماوە.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەت دەڵێت: "بەگشتی لە هەموو پەروەردەکان دەوام زۆر باشە و رێژەیەکی زۆرباش دەوامی قوتابخانەکان هەیە، ئەگەر کەشوهەوا لەباربێت دۆخەکە باشتریش دەبێت، ئەمرۆ دووەم رۆژی تاقیکردنەوە بەراییەکان بووە و هیچ کێشەیەکمان نەبووە، مامۆستایانیش پێیانباشە دەوام بکرێتەوە، چونکە بەهەمووی 43 رۆژ دەوام ماوە، ئێمەش دەمانەوێت ئەم وەرزە بە سەلامەتی تێپەڕێنین."
دوو رۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەسەر رێگەی عەربەتن، لە چوارچێوەی پەکخستنی سەرچاوەکانی داهاتی دەسەڵات، رێگری لە چوونی تەنکەرە سوتەمەنییەکان دەکەن کە دەچن بۆ دەروازە سنوورییەکان.
بەگوتەی بەرپرسانی پەروەردەی سلێمانی 50٪ـی قوتابخانەکانی سلێمانی دەوامیان دەستپێکردووەتەوە، ئەوەی دیکە بایکۆت یان نیمچە بایکۆتە، هەوڵەکانی پەروەردەن بۆئەوەیە ئەمانەی دیکەش بکەن بە دەوامی تەواو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ