رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندیی دا لەسەر دامەزراندنی 430 پێشمەرگە بۆ لیوای 20ـی هاوبەش.
بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا "ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی عێراق کێشەی دامەزراندنی ئەو 430 پێشمەرگەیەی لیوای 20ـی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقی چارەسەرکرد، رەزامەندیشی نیشاندا لەسەر دامەزراندنیان."
ئەوەی ماوەتەوە؛ دیاریکردنی رۆژی مەشق و راهێنانە کە بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، "لە دوای گەشتنی نووسراوی وەزارەتی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، دیاری دەکرێت."
لیوای 20ـی هاوبەش کە ئێستا کراوە بە لیوای 2ـی هاوبەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروستکراوە و سەر بە وەزارەتی بەرگرییە؛ لەو ناوچە و شوێنانە دەستبەکار دەبن کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە بووە بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.
لیوای 20ـی هاوبەش زیاتر لە سێ هەزار و 700 پێشمەرگە لەخۆدەگرێت و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت.
مانگی ئابی ساڵی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە، کە بۆشایین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ