پزیشکێکی منداڵان لە کۆبانێ هۆشداری دەدات: لانیکەم 3 منداڵ گیانیان لەدەستداوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
دوو منداڵی رۆژئاوای کوردستان لە ئاوارەییدا.
دوو منداڵی رۆژئاوای کوردستان لە ئاوارەییدا.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە مانگێکە گەمارۆ لەسەر شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و پزیشکێکی پسپۆڕی منداڵان هۆشداریی تووند دەدات و باس لەوە دەکات، بەهۆی رێگەنەدان بە گەیشتنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، کارەساتێکی مرۆیی لە ناوچەکە روودەدات. 
 
دکتۆر شەڤین عەبدولقادر بەگی، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند بەهۆی گەمارۆ و نەبوونی ئاوی پاک، ئەو ئاوارانەی لە قوتابخانەکاندا دەمێننەوە، ناچارن ئاوی تانکەرەکان بەکاربێنن. ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک هەوکردنی ریخۆڵە و رشانەوە. دکتۆر شەڤین ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لانیکەم 3 منداڵ، کە بەرگریی جەستەیان لاواز بووە، گیانیان لەدەستداوە. هەروەها نەخۆشیی هەوکردنی سییەکان لەنێو منداڵانی شیرەخۆرەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
نەخۆشخانەکان بەشی نەخۆشەکان ناکەن
 
لە کۆبانێ هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە منداڵان نییە و هەموو منداڵە نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە گشتییەکان چارەسەر وەردەگرن. دکتۆر شەڤین ئاماژەی بە قەرەباڵخیی زۆر کرد و گوتی: "توانای نەخۆشخانەکان زۆر سنووردارە. پێشتر لە نەخۆشخانەی گشتی 4-5 منداڵ دەمانەوە، ئێستا هەموو شەوێک لانیکەم 10 منداڵ دەخەوێنین."
 
کەمبوونەوەی سەرەتاییترین دەرمانەکان
 
گەمارۆکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەرمانخانەکان کردووە. لە شارەکەدا دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و گوشاری خوێن بەتەواوی کەمبوونەتەوە. دکتۆر شەڤین وەک نموونە باسی لەوە کرد، کاتێک منداڵان تووشی تەنگەنەفەسی دەبن، سپرای فراوانکردنی بۆرییەکانی هەوایان نییە بۆئەوەی چارەسەرییان بکەن و خێزانی نەخۆشەکان بە دەرمانخانەکاندا دەگەڕێن و "بەبێ دەرمان دەگەڕێنەوە کلینیکەکەم".
 
بانگەواز بۆ هاوکاری
 
دۆخی ئاوارەکان لەنێو قوتابخانەکان و قەرەباڵخیی زۆر، نەخۆشییەکان خێراتر بڵاودەکاتەوە. پسپۆڕانی تەندروستی داوا دەکەن بۆ رێگریکردن لە گیانلەدەستدانی زیاتر، پێویستە بە زووترین کات دەرمان و هاوکاریی پزیشکی بگاتە کۆبانێ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و تۆم باراک لە پیرمام. 24-02-2026

تۆم باراک ستایشی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری سووریا، ستایشی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکات لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت، سەرۆک بارزانی "سەرکردەیەکی ئەفسانەییە" و خاوەن "حیکمەتێکی سەرسوڕهێنەرە."