لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گرت

24-03-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، لە کۆگایەک دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی خۆراکیی ماوەبەسەرچوودا گرتووە، کە خاوەنەکەی هەوڵی گۆڕینی کاتی بەسەرچوونی کەلوپەلەکانی داوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-03-2024 ئازاد نەبی محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە سنووری سلێمانی، دەستیان بەسەر کەلوپەلی ماوەبەسەرچووی فرۆشگا و کۆگایەکدا گرتووە کە گومان دەکرێت کاتی بەسەرچوونیان بە مەبەستی ساخکردنەوەیان لە بازاڕەکاندا دەستکاری کرابێت.
 
ئازاد نەبی گوتی، کاتێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە هەبوونی فرۆشگایەکی ناتەندروست ئاگادار کراونەتەوە، لیژنەکانیان سەردانی شوێنەکەیان کردووە و تێیدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گیراوە و لەلایەن لیژنەکەوە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکان داخراوە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "جگە لە فرۆشگاکە کۆگایەکیشی لێیە کە مادەی خۆراکی تێدان لە ساڵی 2021ـەوە ماوەی بەکارهێنانیان بەسەرچووە، بەڵام لە دووکانەکە رێکەوتی دروستکردنی سڕاوەتەوە و دووبارە دانراوە بۆ فرۆشتن."
 
ئازاد نەبی ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆگاکەدا جیا لە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، دەست بەسەر کۆمەڵێک قاپ و شوێنی بەتاڵی مادە خۆراکییەکاندا گیراوە کە بەپێی ئەو رێکەوتەی لە سەریان دراوە، ماوەی بەکارهێنانیان ساڵی 2025 تەواو دەبێت، "بەڵام لە فرۆشگاکەدا ماوەی مادە خۆراکییەکانی نێو ئەو قاپانە بەسەرچووە، بۆیە گومان دەکرێت قاپەکانیان گۆڕدرابن."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی گوتی، پسوولەی سزادان بۆ خاوەنی کۆگا و فرۆشگاکە دەردەکرێت، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر و لیژنەی باڵا بڕیاری سزادانی لەسەر دەدات.
 
بەپێی ئاماری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت، لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەم ساڵ لە سنووری سلێمانی دەست بەسەر 67 تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گیراوە کە بە شێوەیەکی زانستی لەنێوبراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.